ئومێد خۆشناو: حەلبوسی بەرانبەر هەرێمی کوردستان بێ ئەمەکە
پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند، کاتێک حەلبوسی لە دەسەڵات بوو، حکوومەتی عێراق، بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕی، بەڵام لە کاتی شەڕی داعشدا، کەسوکارەکەی بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و خانەوادەکانیان پەنایان بۆ هەولێر هێنا، دیارە حەلبوسی هەر ئەوەندە لە مانای وەفا گەیشتووە.
یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، اتێک شەڕی داعش و نەهامەتی هەرەشە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق دەکرد، محەممەد حەلبوسی و کەسوکارەکەی پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و لە هەولێر گیرسانەوە و حەوانەوە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد"حەلبوسی و بەشێک لە دەسەڵادارانی حکوومەتی عێراق نمەکی هەولێریان کرد و دواتر بێ ئەمەک دەرچوون بەرانبەر مرۆڤدۆستی و میواندۆستیی هەولێر."
ئومێد خۆشناو گوتیشی: کاتێک ئەو لە دەسەڵاتدا بوو، حکوومەتی عێراق بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕی، بەڵام هەولێر بووبوو بە پەناگە و شوێنێکی ئارام بۆ کەسوکاری ئەوان.
پارێزگاری هەولێر بە تەنزەوە گوتی: کەواتە سوپاس بۆ وەفای حەلبوسی.
ئومێد خۆشناو، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە ئەو بڕە پارەیە کرد کە لە پڕۆژەی رووناکییەوە بۆ هاووڵاتییان هاتوەتەوە و بەشێکیان دەڵێن پارەی کارەبا زیادی کردووە، گوتی: رۆژانە هەندێک گرفتی تەکنیکی روو دەدەن و بە پەلە چارەسەر دەکرێن. سەبارەت بە نزخەکانیش روونە کە بە چی جۆرێکە، ئەگەر هاووڵاتی بەگوێرەی پێویست کارەبا بەکار بهێنێت و زیادەڕۆیی نەکات، بێگومان پارەی کەمتری بۆ دێتەوە، هاوکات دەبێتە هۆی ئەوەی کارەبای 24 کاتژمێری بەشی هەموو هەرێمی کوردستان بکات."