میران ئەبراهام رۆمانی "بانگی ئازادی" بڵاودەکاتەوە

میران ئەبراهام، رۆماننووسی کورد، نوێترین رۆمانی خۆی لەژێر ناونیشانی "بانگی ئازادی" کە لەلایەن ناوەندی رەهەند و دەزگای شانەدەر چاپکراوە، بڵاودەکاتەوە.

دووشەممە، 9ی شوباتی 2026، میران ئەبراهام، رۆماننووسی کورد، دەربارەی بڵاوکردنەوەی رۆمانە نوێیەکەی، بە کوردستان24ی راگەیاند: لە ستایشی وشە فەرامۆشکراوەکاندا، هەموو کتێبێک، جۆرێکە لە سەفەر، بەڵام ئەم کتێبەی لەبەردەستتدایە، سەفەر نییە بۆ شوێنێک، بەڵکو سەفەرە بۆ ناو زەمەن و رۆح، "بانگی ئازادی" هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ئەو پردە رووخاوانەی کە رۆژگارێک ئێمەی بە جیهانەوە دەبەستەوە.

میران ئەبراهام گوتیشی: ئەو رۆمانە، لەسەر ئەو باوەڕە فەلسەفییە دامەزراوە کە مێژوو تەنیا ئەوە نییە کە رووی داوە، بەڵکو ئەوەشە کە دەکرێت و دەشێت روو بدات، ئێمە لێرەدا باسی پاڵەوانە ئەفسانەییەکان ناکەین کە بە شمشێرەکانیان شاخەکان دەبڕن، جۆرێک لە وەهم ناخوێنینه‌وە، بەڵکو باسی پاڵەوانانێک دەکەین کە چەکیان پیت و کاغەز و مەرەکەب بوو، باسی ئەو پیاو و ژنانە دەکەین کە لە تاریکترین ساتەکانی مێژووی کوردستان و بەتایبه‌تی رۆژهەڵاتدا، کاتێک ئیمپراتۆریەتەکان دەڕووخان و نەتەوەکان لە یەکتر دەدران، ئەوان بڕیاریان دا لەجیاتی خوێن، رووناکی بڕێژن.

ئەبراهام ئاماژەی بەوەش دا: چیرۆکی فەرەجوڵڵا، عەبدوڵڵا جەودەت، خودێدا و بەهیە و به‌درخانییه‌کان، چیرۆکی تەنیایی مرۆڤی کوردە لەبەردەم باهۆزی مۆدێرنیتەدا، ئەوان نوێنەرایەتیی نەوەیەک دەکەن کە دەیانویست بە عەقڵ بەرەنگاری قەدەر ببنەوە، ئەو رۆمانە پرسیارێکی گەورە دەخاتە بەردەم خوێنەر: ئایا نەتەوەیەک دەتوانێت تەنیا بە هێزی کولتوور و زمان، خۆی لە سڕینەوە رزگار بکات؟.

دەربارەی گێڕانەوەی وردی ناو رۆمانەکە، میران ئەبراهام دەڵێت: لە رێگەی گێڕانەوەی ورد و پڕ لە هەستی ئەو رۆمانەوە، خوێنەر دەبرێتە ناو چاپخانەی زانستیی کوردستان لە قاهیرە،  ئەو ژوورە بچووکەی کە ببووە ناوەندی گەردوون بۆ کۆمەڵێک خەونبین، ئێمە دەبینین کە چۆن پیتە سربییەکان، لەژێر پەنجە ماندووەکانی یاراندا، دەبنە مۆسیقا و دەبنە ناسنامە، دەبینین چۆن بەهیە لە کچێکی بچووکەوە دەبێتە پارێزەری یادەوەرییەکان.

ئەو رۆماننووسە گوتیشی: "بانگی ئازادی"، بانگەوازێکە بۆ ئاوڕدانەوە لەو میراتە فیکرییەی کە لەژێر تۆزی ململانێ سیاسییەکاندا ون بووە،  بانگەوازێکە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە "ئازادی" تەنیا رزگاربوونی خاک نییە، بەڵکو رزگاربوونی عەقڵە لە دۆگما و ترس، ئەو  رۆمانە بە زمانێک نووسراوە کە هەوڵ دەدات شایستەی ئەو سەردەمە بێت، زمانێکی ئەدەبیی قووڵ، کە رێز لە بێدەنگییەکانی نێوان دێڕەکان دەگرێت، نووسەر هەوڵی نەداوە حوکم بدات، بەڵکو هەوڵی داوە تێبگات و تێمان بگەیەنێت.

لەکۆتایی قسەکانیدا، میران ئەبراهام، باس لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ناو ئەو رۆمانە دەکات و دەڵێت: کاتێک ئەم لاپەڕانە هەڵدەدەیتەوە، گوێت لە دەنگی ئەو کەسانە دەبێت کە مێژوو ویستوویەتی بێدەنگیان بکات،  گوێت لەو بانگی ئازادییە دەبێت کە هێشتا لە فەزای رۆحماندا دەزرنگێتەوە. ئەمە کتێبێک نییە تەنیا بۆ خوێندنەوە، بەڵکو  ئاوێنەیەکە بۆ ئەوەی خۆمانی تێدا ببینینەوە، نەک وەک قوربانی، بەڵکو وەک خاوەنی خەونێکی گەورە.

میران ئەبراهام، رۆماننووسی کورد، لەساڵی 1970، لە سلێمانی لەدایک بووە و ئێستا دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە، خاوەنی 5 رۆمان و 4 چیڕۆک و یەک وەرگێڕانە، کە لە هۆڵەندییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.