حزبوڵڵای لوبنان: ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی مەترسیداری لە باشووری لوبنان دەستپێکردووە
حزبوڵڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هۆشداریی توند دەدات لە تێکچوونی دۆخی ئەمنیی باشووری وڵاتەکە و رایدەگەیەنێت، کردەوەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل ئاماژەن بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەرەسەندن کە مەترسیی راستەوخۆ بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکات.
دووشەممە 9ـی شوباتی 2026، حزبوڵڵای لوبنان لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە، بە توندی ئیدانەی چوونی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ناو شارۆچکەی "هەباریە" و رفاندنی عەتوی عەتوی، بەرپرسی گرووپی ئیسلامی لە ناوچەکانی حاسیبیا و مەرجەعیون لەناو ماڵەکەی خۆیدا دەکات، حزبوڵڵا رایگەیاندووە: "ئەو هێرشە تەنیا رفاندن نەبووە، بەڵکو دەستدرێژی کراوەتە سەر ئەندامانی خێزانەکەشی و تۆقێنراون."
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی هێرشێکی تری ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی "یانۆح"، سێ کەس کوژراون کە منداڵێک لەنێوانیاندا بووە، جگە لە کوژرانی هاووڵاتییەکی تر لە شارۆچکەی "عەیتا شەعب".
حزبوڵڵا ئەم پێشهاتانە بە "قۆناغێکی نوێی بێسەروبەریی ئیسرائیل" ناودەبات کە لەسەر بنەمای رفاندن و بەزاندنی سنوورەکان دامەزراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە،"ئەم دوژمنە هیچ رێزێک بۆ یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دانانێت و بەردەوامە لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی لوبنان."
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، حزبوڵڵا رەخنە لە بێدەنگیی دامەزراوە فەرمییەکان دەگرێت و داوا لە دەوڵەتی لوبنان دەکات "بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆی هەڵبگرێت، هاوکات داوا دەکات حکوومەت لە حاڵەتی بێدەنگی و بێدەسەڵاتی بێتە دەرەوە و لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و یاسایی نێودەوڵەتی هەڵوێستی توند بنوێنێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، نەک تەنیا بە لێدوانی بێ کردار ئیدانەی کارەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بکەن.
ئەم هۆشدارییەی حزبوڵڵا لە کاتێکدایە ناوچە سنوورییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ئاڵۆزییەکی بێوێنە بەخۆیانەوە دەبینن و مەترسیی فراوانبوونی شەڕی نێوانیان لە ئارادایە.
لە تشرینی دووەمی 2024ـەوە رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان کاری پێ دەکرێت، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام بووە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکان بەتایبەت لە باشووری لوبنان و حزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتبار کردووە بە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی.
لە تشرینی یەکەمی 2023، حزبوڵڵای لوبنان هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل و دواتر سوپای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. لە تشرینی دووەمی 2024، هەردوولا ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام بووە لە بۆردوومانکردنی باشووری لوبنان، ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەنی ئاڵۆزتر کردووە.