هێڵی ئاسمانی کەنەدا گەشتەکانی بۆ کوبا راگرت
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی کەنەدا (Air Canada) رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی توندی کەمیی سووتەمەنی و گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کوبا، سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە رادەگرێت.
دووشەممە 9ـی شوباتی 2026، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی کەنەدا (Air Canada) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا چەند فڕۆکەیەکی بەتاڵ لە کەنەداوە رەوانەی کوبا دەکرێن، تەنها بە مەبەستی گەڕاندنەوەی نزیکەی 3 هەزار گەشتیار کە ئێستا لەو وڵاتە گیریان خواردووە.
ئەم بڕیارەی "ئێر کەنەدا" دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی کوبا هۆشداریی داوە کە لە رۆژی سێشەممەوە 10ـی شوبات بۆ ماوەی مانگێک، سووتەمەنی فڕۆکە لە وڵاتەکەدا دەستناکەوێت، کۆمپانیا کەنەدییەکەش یەکەمین کۆمپانیای نێودەوڵەتییە کە بە فەرمی گەشتەکانی بەهۆی ئەم قەیرانەوە هەڵپەسێرێت.
سزاکانی ئەمریکا و فشاری ترەمپ
قەیرانی وزە لە کوبا دوای ئەوە توندتر بووەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێگری لە گەیشتنی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ کوبا کرد.
کوبا پێشتر پشتی بە هاوپەیمانەکەی ڤەنزوێلا دەبەست، لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی 2025ەوە هیچ بارە نەوتێکی پێ نەگەیشتووە.
ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی باجی قورسی بەسەر هەر وڵاتێکدا کردووە کە سووتەمەنی بۆ کوبا دابین بکات، ئەمەش بووەتە هۆی بڕانی تەواوەتی دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە و تێکچوونی باری گوزەرانی ئەو وڵاتە.