ئەمریکا هۆشداری بە کەشتییەکانی دەدات لە ئاوەکانی ئێران نزیک نەبنەوە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ئەو کەشتیانە دەکات کە ئاڵای ئەو وڵاتەیان هەڵگرتووە و داوایان لێدەکات لە کاتی گەشتکردن بە گەرووی هورمزدا، تا دەتوانن لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێران دوور بکەونەوە، ئەم هۆشدارییە دوای زنجیرەیەک رووداوی بێزارکردن و رێگریی هێزە دەریاییەکانی ئێران دێت بەرانبەر بە کەشتییە بازرگانییەکان.
دووشەممە 9ـی شوباتی 2026، وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزە ئێرانییەکان مێژوویەکیان هەیە لە بەکارهێنانی بەلەمی بچووک و هێلیکۆپتەر بۆ چوونە سەر کەشتییەکان و ناچارکردنیان بۆ چوونە ناو سنوورە ئاوییەکانی ئێران، وەزارەتەکە ئامۆژگاری کەشتییەکان دەکات لە کاتی تێپەڕین بەرەو رۆژهەڵات لە گەرووی هورمز، لە نزیک ئاوەکانی شانشینی عومانەوە بڕۆن بۆ ئەوەی سەلامەت و پارێزراو بن.
ئەم هۆشداریەی وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا، دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، رۆژی سێشەممەی رابردوو هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی دوو بەلەم و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، بە خێراییەکی زۆر لە کەشتیی نەوتهەڵگری "ستینا ئیمپرایتیڤ" نزیک بوونەتەوە و هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنیان لێکردووە، رووداوەکە کاتێک کۆتایی هات کە تێکشکێنەرێکی ئەمریکی دەستوەردانی کرد و کەشتییەکەی بۆ ناوچەیەکی ئارام گواستەوە.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان و بە شاڕەگی نەوت دادەنرێت، کە بەشێکی زۆری وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، ئێران چەندین جار هەڕەشەی داخستنی ئەم گەرووەی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئێران رایانگەیاندووە، هێزە دەریاییەکانیان تەنها داوایان لە کەشتییەکان کردووە ئاوەکانیان جێبهێڵن، چونکە مۆڵەتی یاسایی پێویستیان بۆ تێپەڕین نەبووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ تۆمەتەکانی ئەمریکا باسی لێوەدەکرێت.