وەزارەتی دارایی وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 1ـی راگەیاند

وەزارەتی دارایی، لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دوومی ئەمساڵی بڵاو کردەوە. بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتەکە، پرۆسەکە لە سبەی چوارشەممەوە دەست پێ دەکات و لە ماوەی چوار رۆژدا کۆتایی پێ دێت، هاوکات رێنمایی تایبەتیش ئاراستەی مووچەخۆران کراوە سەبارەت بە کاتی سەردانکردنی بانکەکان.

سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا وردەکاری و کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم (1)ـی 2026ـی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران ئاشکرا کرد.

بە پێی راگەیەندراوەکەی وەزارەت، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە سبەی چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، دەست پێدەکات و بە شێوەیەکی چڕ لە ماوەی چەند رۆژێکدا بەردەوام دەبێت، بە جۆرێک رۆژی شەممە 14ـی شوبات، کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان دەهێنرێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکدا، وەزارەتی دارایی تێبینییەکی تەکنیکی و لۆجستیی خستووەتە روو. ئاماژەی بەوە کردووە کە، بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارەی نەختینە (کاش) لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، دەکەوێتە سبەی لە کاتی دەوامی فەرمیدا و، دواتر پرۆسەی گواستنەوەی پارەکە بۆ بانکەکانی دیکە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کاتی پێویستە، بۆیە گۆڕانکاری لە کاتی دابەشکردنی رۆژی یەکەمدا کراوە.

لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەت داوای لە سەرجەم مووچەخۆران کردووە کە بۆ رۆژی یەکەم (سبەی چوارشەممە)، لە دوای کاتژمێر (1:00)ـی پاشنیوەڕۆ سەردانی بانکەکان بکەن. ئەم رێکارەش بە مەبەستی رێگریکردنە لە دروستبوونی قەرەباڵغی و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی پارەی پێویست بۆ سەرجەم بانکەکان بە پێی لیستی دیاریکراو.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە داوە، کە حکوومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دیناری لە کۆی تەمویلی مووچە نەناردووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی رەخنەی لە شێوازی مامەڵەی حکوومەتی فیدراڵ گرتووە و رایگەیاندووە: "ئەمە لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدایە کە ماوەی چەند ساڵێکە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، کە تیایدا مانگانە بە بیانووی جۆراوجۆر کێشە و ئاستەنگ بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت."