لاریجانی: دەبێت واشنتن سنوورێک بۆ رەفتارەکانی ناتانیاهۆ دابنێت
بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئێران پەیامێکی توند ئاڕاستەی کۆشکی سپی دەکات و داوایان لێ دەکات "بە وردی بیر بکەنەوە" و رێگە نەدەن تەلئەڤیڤ کۆنترۆڵی ئاڕاستەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بکات.
سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە لێدوانێکدا کە تۆڕی نیشتمانیی عوممان بڵاوی کردووەتەوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە سەردانی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی خستە روو.
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، رایگەیاند: "ئێستا ناتانیاهۆ لە رێگایە بەرەو ئەمریکا؛ پێویستە ئەمریکییەکان بە وردی و قووڵی بیر بکەنەوە."
ئاماژەی بەوەش داوە، کە واشنتن دەبێت سنوورێک بۆ رەفتارەکانی ناتانیاهۆ دابنێت.
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بە تەنزەوە باسی لە هەوڵەکانی ناتانیاهۆ کرد و گوتی: "نابێت ئەمریکییەکان رێگە بە ناتانیاهۆ بدەن پێش گەشتەکەی وا خۆی دەربخات و بڵێت، دەچم بۆ ئەوەی چوارچێوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان فێری ئەمریکییەکان بکەم."
هاوکات لاریجانی جەختی لەسەر مەترسیی دەستوەردانەکانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند: "پێویستە لایەنی ئەمریکی زۆر وریا و بەئاگا بێت لەو ڕۆڵە وێرانکەر و تێکدەرەی کە ئیسرائیلییەکان دەیگێڕن".
بڕیارە سبەی ناتانیاهۆ سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دۆسیە هەرێمییەکان دەبێت، کە لە سەرووی هەموویانەوە پرسی دانوستانەکانە لەگەڵ ئێران.
بە پێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ، جەخت لەسەر هەڵوێستی تەلئەڤیڤ دەکاتەوە سەبارەت بە هەر پرۆسەیەکی دانوستان.
ناتانیاهۆ پێی وایە هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ تاران دەبێت بە روونی دوو مەرجی سەرەکی لەخۆ بگرێت: یەکەمیان سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکان و دووەمیان کۆتاییهێنان بەو پشتیوانییە دارایی و سەربازییەی تاران کە پێشکەشی گرووپەکانی دەکات.