بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ: مەترسی لەسەر بەرهەمی گەنم هەیە

بەهۆی بارانبارینی زۆر و تێربوونی خاک بە ئاو، رێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ هۆشداری دەداتە جوتیاران و رایدەگەیەنێت، پێویستە بە زووترین کات پەیین بەسەر زەوییەکاندا بپڕژێنن، ئەگەرنا گەشەی گەنمەکە لاواز دەبێت و کاریگەری خراپی لەسەر بڕ و کوالێتی بەرهەم دەبێت.

ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەردەوام، خاکی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە سنووری قەزای ئاکرێ بە تەواوی تێرئاو بوون، ئەمەش وایکردووە رێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ناوچەکە هۆشداری بداتە جوتیاران. رێوەبەرایەتییەکە جەخت دەکاتەوە کە دەبێت جوتیاران بە زووترین کات پەیین بۆ گەنمەکانیان بەکاربهێنن، چونکە بەبێ پەیین، گەنمەکە زۆر بە لاوازی گەشە دەکات و لە کاتی پێگەیشتندا زیانی گەورە بە بڕی بەرهەمەکە دەگات.

تیمەکانی کشتوکاڵ زەوی بە زەوی بەناو کێڵگەکانی گەنمدا دەگەڕێن، تاوەکو لە نزیکەوە چاودێری رەوشی گەنمەکان بکەن و رێنمایی زانستی بدەنە جوتیاران. بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەوان، بەهۆی زۆریی تەڕیی خاکەکە، پێویستە جوتیاران بە هەر رێگەیەک بێت پەیین بەسەر گەنمەکانیاندا بوەشێنن.

کاروان جەمال، بەرپرسی راوێژکاریی کشتوکاڵی ئاکرێ بە کوردستان24ی راگەیاند: "کەشوهەوای ئەمساڵ جیاوازە و بارانێکی باش باریوە، بەڵام پێویستە جوتیار گەنم بە پەیینی کیمیایی بپڕژێنێت بۆ ئەوەی باشتر گەشە بکات و بەرهەمی باش بێت، ئەگەر نا زۆری بارانەکە کاریگەری نەرێنی دەبێت و گەنمەکە لاواز دەبێت."

لەسەر داوای لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەندێک لە جوتیاران بە دەست دەستیان کردووە بە رشاندنی پەیین. هەرچەندە ئەم رێگەیە ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و ناتوانرێت هەموو رووبەری زەوییەکان بپۆشرێت، بەڵام وەک جوتیاران دەڵێن "لە ناچارییە".

عەمار حەسەن، جوتیارێکی ناوچەکەیە و بە کوردستان24ی گوت: "بەهۆی زۆری باران ناتوانین وەک ساڵانی رابردوو لە رێگەی تراکتۆرەوە پەیین بپڕژێنین، بۆیە ناچارین بە دەست کارەکە ئەنجام بدەین."

دڵشاد وەلی، جوتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، ساڵانی رابردوو باران کەمتر بوو و پێشبینی ئەم بڕە بارانەیان نەدەکرد، بۆیە ئێستا چاوەڕێن دەرفەتێک هەبێت و باران کەم ببێتەوە تاوەکو پەیینەکە بپڕژێنن.

لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا، لە سنووری قەزای ئاکرێ بەگوێرەی ئامارەکانی وێستگەی کەشناسی، زیاتر لە 700 ملم باران و 210 سانتیمەتر بەفر باریوە. ئەم رێژە زۆرەی بارانبارین وایکردووە گەنمە شینبووەکان نوقمی ئاو بن.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ، تاوەکو ئێستا 140 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری ئاکرێ بە گەنم چێنراون. بەهۆی بارانبارینی زۆر و نەبوونی تیشکی خۆری پێویست، پسپۆڕان رایدەگەیەنن کە پێویستە جوتیاران پەلە بکەن لە بەکارهێنانی پەیین بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان.