لە سوید و ئەڵمانیا زمانی کوردی بووەتە وانەی فەرمی و دەخوێندرێت

لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، 30 قوتابخانەی کوردی لە دەرەوەی وڵات تۆمار کراون و سێ هەزار فێرخوازیش لە رێگەی ئۆنلاینەوە بە زاراوە جیاوازەکان فێری زمانی دایک دەبن.

چوارشەممە، 11ـی شوباتی 2026، خەلیل شەریف، نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی لە هەرێمی کوردستان، وردەکاریی پرۆژەیەکی نیشتمانیی بۆ برەودان بە خوێندنی زمانی کوردی لە تاراوگە خستە ڕوو، کە تێیدا هەزاران منداڵی کورد لە خوێندنی ئامادەبوو و ئەلیکترۆنی سوودمەند دەبن.

ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، ئێستا 30 قوتابخانەی کوردی لە دەرەوەی وڵات لە ژێر چەتری پرۆژە نیشتمانییەکەیان تۆمار کراون. پرۆژەکە بە هاوبەشی لەنێوان کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی لە ئەوروپا و وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و ئامانجی سەرەکی پاراستن و فێربوونی زمانی دایکە.

نوێنەری رەوەندی کوردی ئاماژەی بە پێشکەوتنی بەرچاو دا لە وڵاتانی وەک سووید و ئەڵمانیا، کە تێیدا خوێندنی زمانی کوردی بووەتە بەشێک لە سیستەمی فەرمی و مامۆستایانی کورد لە قوتابخانەکان وانە بە منداڵان دەڵێنەوە.

قوتابیانی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەی کوردستان - بەلجیکا

ناوبراو ڕوونی کردەوە: "پرۆسەکە تەنیا وانە خوێندن نییە، بەڵکو دابینکردنی کتێب و ئەلفوبێی کوردی و ئاسانکاری لە تاقیکردنەوەکاندا دەگرێتەوە تا قوتابییان هان بدات بەردەوام بن."

سەبارەت بەو ناوچانەی قوتابخانەی لێ نییە یان بۆ فراوانکردنی بازنەی فێربوون، خەلیل شەریف ئاشکرای کرد کە سێ هەزار فێرخواز لە رێگەی سیستەمی ئۆنلاینەوە بەشدارن. خوێندنەکە بە چوار ئاستی جیاواز و بە زاراوەکانی (سۆرانی، کرمانجی و بادینی) بەڕێوە دەچێت.

خاڵێکی گرنگی پڕۆژەکە ئەوەیە کە بڕوانامەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانپێدانراون  و دوای تەواوکردنی ئاستەکان بە فێرخوازان دەبەخشرێن.

نوێنەری رەوەندی کوردی ئەوەشی خستە روو، کە پڕۆسەی ناونووسین ساڵانە لە وەرزی هاویندا دەست پێ دەکات و لە رێگەی لینکێکی تایبەتەوە هەموو خوازیارێک دەتوانێت خۆی تۆمار بکات بۆ سوودمەندبوون لەم پرۆژە نیشتمانییە.

سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، وەک پاڵپشتییەک بۆ خوێندن و پاراستنی زمانی کوردی لە دەرەوەی وڵات، لە چاپخانەی وەزارەتی پەروەردەوە، شەش هەزار کتێبی زمانی کوردی بەشێوەزاری کرمانجی چاپکراو، کە کێشی کتێبەکان دوو تۆن و 570 کیلۆیە، بە بارهەڵگرێک رەوانەی ئەوروپا کراوە.

هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بایەخدان بە خوێندنی کوردی و زمانی دایک لە دیاسپۆرا، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە لە25ی تشرینی یەکەمی 2025 وەزارەتی پەروەردە هەشت هەزار و پێنج سەد کتێبی کوردی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی بە کێشی دوو تۆن و 320 کیلۆ رەوانەی قوتابخانە کوردییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە.