توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد: کافایین مێشک لە سستبوون و لەبیرچوونەوە دەپارێزێت
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی هارڤارد مژدە دەداتە هۆگرانی قاوە و چا؛ خواردنەوەی بڕێکی دیاریکراو لەو دوو خواردنەوەیە، مێشک لە سستبوون و مەترسیی تووشبوون بە خەڵەفان دەپارێزێت.
توێژەرانی زانکۆی هارڤارد روونیان کردەوە، ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر قاوەی دەوڵەمەند بە کافایینیان خواردووەتەوە، بە رێژەی 18% کەمتر ئەگەری تووشبوونیان بە خەڵەفان هەبووە بەراورد بەوانەی کەمتر دەیخۆنەوە، هەروەها دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر چا دەخۆنەوە، مەترسی تووشبوونیان بە رێژەی 16% کەم بووەتەوە.
ئەم توێژینەوەیە کە زانیاری 131,000 کەسی لە ماوەی 43 ساڵدا شیکردۆتەوە و لە گۆڤاری کۆمەڵەی پزیشکی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە ئەو بەشداربووانەی بڕێکی زۆر چا و قاوەیان خواردووەتەوە، تێکڕای تێکچوونی توانای مێشکیان خاوتر بووە لەوانەی کەمتر دەیخۆنەوە.
بەڵام توێژەران ئاگادارییان داوە کە قاوەی بێ کافایین هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەمکردنەوەی مەترسی خەڵەفان یان باشترکردنی توانای مێشک نەبووە. ئاماژەیان بەوەش کردووە، پێکهاتە بایۆلۆژییە چالاکەکانی ناو قاوە و چا، وەک کافایین و پۆلیفینۆڵ، رەنگە ببنە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و تێکچوونی خانە دەمارەکان و پاراستنی مێشک لە سستبوون.
دانیال وانگ، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە رایگەیاند: "تێبینیمان کردووە ئەرێنیترین پەیوەندییەکان لە کاتی خواردنەوەی بڕێکی مامناوەنددا دەردەکەون، بە جۆرێک باشترین ئەنجام لە خواردنەوەی 2 بۆ 3 کوپ قاوەی بە کافایین و 1 بۆ 2 کوپ چا لە رۆژێکدا تۆمار کراوە."
خەڵەفان (Dementia) چییە؟
خەڵەفان یان دیمێنشیا، ناوێکی گشتییە بۆ کۆمەڵێک نیشانە کە کاردەکەنە سەر مێشک، وەک لەدەستدانی یادەوەری، لاوازبوونی توانای بیرکردنەوە و تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. نەخۆشی ئەلزهایمەر باوترین جۆری خەڵەفانە و بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 55 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
کافایین کە لە قاوە و چادا هەیە، وەک هاندەرێکی سروشتی بۆ کۆئەندامی دەمار کاردەکات. توێژینەوەکانی پێشوو ئاماژەیان بەوە کردووە کە کافایین دەبێتە هۆی رێگریکردن لە کۆبوونەوەی پرۆتینە زیانبەخشەکان لە دەوری خانەکانی مێشک، کە ئەوەش هۆکاری سەرەکییە بۆ پاراستنی مێشک لە پیربوون و نەخۆشییە دەمارییەکان.
رێگەکانی دیکەی خۆپارێزی
پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە تەنیا خواردنەوەی قاوە و چا بەس نییە بۆ رێگریکردن لە خەڵەفان، بەڵکو پێویستە مرۆڤەکان رەچاوی ئەم خاڵانەش بکەن:
1- ئەنجامدانی وەرزشی بەردەوام (رۆژانە لانیکەم 30 خولەک).
2- پەیڕەوکردنی سیستەمی خۆراکی "دەریای ناوەڕاست" کە پشت بە سەوزە و میوە دەبەستێت.
3- رێکخستنی کاتەکانی خەو (7 بۆ 8 کاتژمێر لە شەودا).
4- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن.