کەشناسی هەرێم: بارانبارین بەردەوام دەبێت و چڕی تەم زیاد دەکات
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ئەمشەو و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شەپۆلێکی نمە باران ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەگرێتەوە.
پێنجشەممە 12ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی راپۆرتی کەشناسی، ئەمشەو نمە باران لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم، بە تایبەت سنووری پارێزگای دهۆک دەست پێ دەکات و لە کاتەکانی بەرەبەیانی سبەینێدا کاریگەرییەکەی فراوان دەبێت بۆ زۆربەی ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان، هاوکات پێشبینی دەکرێت بارانبارین تا کاتەکانی نیوەڕۆ بەردەوام بێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت و تەنها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەمێنێتەوە، هەروەها لە کاتەکانی ئێوارەدا کەشوهەوا بەرەو سەقامگیری دەچێتەوە.
هاوکات هۆشداری دراوە لە دروستبوونی تەم، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم کە لە درەنگانی شەووە تا کاتەکانی بەرەبەیان بەردەوام دەبێت.
بڕی بارانبارینی 12کاتژمێری ڕابردوو:
حاجی ئۆمەران: 7.2 ملم
بارزان: 5 ملم
چۆمان: 4.8 ملم
ڕەواندوز: 4.6 ملم
سیدەکان: 4.4 ملم
زاخۆ: 4 ملم
دهۆک: 3.6 ملم
بامەرنی: 2.6 ملم
سۆران: 0.8 ملم
هەولێر: 0.5 ملم
پیرمام: دڵۆپ دڵۆپ