قایمقامیەتی دوکان: رێگای شاخی قەرەسرد بەکارمەهێنن
قایمقامیەتی قەزای دوکان ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی شۆفێران دەکات و رایدەگەیەنێت، لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، لە ئەمڕۆوە رێگای "شاخی قەرەسرد" بۆ هاتوچۆ بەکارنەهێنن.
پێنجشەممە 12ـی شوباتی 2026، قایمقامیەتی قەزای دوکان ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، داوا لە شۆفێران دەکەین بۆ سەلامەتی گیانی هووڵاتییان رێگای شاخی قەرەسرد بەکارنەهێنن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە تیمەکانی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی راپەڕین دەستیان کردووە بە کارکردن بۆ لابردنی ئەو بەشەی شاخەکە کە پێشتر داڕماوە و بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی رێبواران و شۆفێرانی ئەو سنوورە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:،"تیمەکان خەریکی پاککردنەوە و لابردنی ئاستەنگەکانن لەسەر رێگاکە، بۆیە داوا لە شۆفێران دەکەین تا کاتی تەواوبوونی کارەکان و کردنەوەی رێگاکە، رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن."
قایمقامیەتی دوکان جەختیشی کردووەتەوە، کاتێک رێگاکە بە تەواوی پاککرایەوە و مەترسییەکانی سەر ژیانی هاووڵاتییان نەما، جارێکی دیکە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا شۆفێران لە کردنەوەی رێگاکە ئاگادار دەکەنەوە.