یەکێتی ئەوروپا گومانی لە ئەنجوومەنە ئاشتییەکەی ترەمپ هەیە

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، هەڵوێستی بەرامبەر بە "ئەنجوومەنی ئاشتی" کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشنیار کراوە نەگۆڕاوە و هێشتا تێبینی و گومانی جیدییان لەسەر شێوازی کارکردنی ئەو ئەنجوومەنە هەیە.

هەینی 13ـی شوباتی 2026، ئەنوەر ئەلعەنوونی، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوە و قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند، ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی "ئەنجومەنی ئاشتی" لە 19ـی شوبات پێگەیشتووە. 

عەنوونی گوتویەتی،"هەڵوێستی ئێمە روونە و نەگۆڕاوە، کۆمەڵێک پرسیارمان هەیە سەبارەت بە پەیماننامەی ئەنجوومەنەکە، بەتایبەت لەڕووی دەسەڵاتەکان، شێوازی بەڕێوەبردن و گونجانی لەگەڵ پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان".

گوتەبێژەکەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوە دا،" برۆکسل ئامادەیە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار بکات بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی گشتگیر لە غەززە، بەڵام بەو مەرجەی: "ئەنجوومەنی ئاشتی وەک ئیدارەیەکی راگوزەر ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، ئەوەش بەپێی بڕیاری ژمارە 2803ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی."

ئەم لێدوانانەی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لە واشنتن ساز بکات بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە.

سەرەتا وا دەبینرا کە ئەم ئەنجوومەنە تەنها بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ترەمپ دەیەوێت دەسەڵاتێکی فراوانتری پێ بدات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە جیهانییەکان. 

لەمبارەیەوە چاودێران پێیان وایە ئەمە هەوڵێکی واشنتنە بۆ تێپەڕاندنی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتی کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە چەسپاوە.

هاوکات، ژمارەیەک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و ناوچەکانی دیکە، رەتیانکردووەتەوە بچنە ناو ئەم ئەنجوومەنە، چونکە گومانیان هەیە ببێتە رکابەرێک بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.