کەلار.. پێشانگەی کتێب کرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی گەرمیان، پێشانگەی کتێبی بەهاوکاری دەزگاکانی وەک، ماڵی وەفایی، موکریانی، مانگ، تەفسیر، فام، ئاستانە، کافی عیرفان، لە گەرمیان، لە کتێبخانەی گشتی کەلار کردەوە.

هەینی، 13ـی شوباتی 2026، ژاڵە عوبێد، سەرپەرشتیاری پێشانگەی کتێب لە گەرمیان، بە کوردستان24ی گوت: پێشانگەی کتێب لە کەلار، کە 8 دەزگا تێیدا بەشدارن، کتێبەکان داشکاندنی تایبەتی بۆ کراوە، تا خوێنەرانی کتێب بتوانن زۆرترین کتێب بکڕن، هەروەها زیاتر 5 هەزار ناونیشانی کتێب لە پێشانگەکەمان بەردەستە.

ژاڵە عوبێد گوتیشی: جگە لە کتێبی کوردی، کتێبی فارسی و ئینگلیزیش لە پێشانگەکە بەردەستە بۆ خوێنەران، هەروەها ژانرەکانی مێژوویی و جوگرافی و دەروونی و کۆمەڵناسی و ڕۆمان و ئەدەب و زمانەوانی و فەرهەنگی و چەندین بابەتی دیکەیش لەخۆی دەگرێت

دەربارەی پێشوازی خەڵکی کەلار لە کردنەوەی پێشانگەکە، ژاڵە عوبێد گوتی: خەڵکی کەلار، ئەدەبدۆست و خوێنەری کتێبن، پێشوازییەکیان زۆر باشیان لەو پێشانگەیە کرد و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک سەردانی پێشانگەکەی کرد، چاوەڕوانین لە ڕۆژانی داهاتوودا خەڵکی زیاتر سەردانی پێشانگەکەمان بکەن، چونکە داشکاندنی زۆر باشمان بۆ سەرجەم کتێبەکان کردووە، بۆیە ئەوەیش هۆکارێکی سەرەکییە کەوا لە خەڵک بکات سەردانی ئەو پێشانگەیە بکەن.

هەروەها پێشانگەی کتێب لە کەلار، ئەمڕۆ هەینی، 13ی شوباتی 2026 بە بەشداری 8 دەزگا کرایەوە و بڕیارە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بێت.