کەنەدا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
حکوومەتی کەنەدا، بە بیانوی ئەوەی ئێران هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات سەپاندنی سزای زیاتری بەسەر ئێراندا راگەیاند.
شەممە 14ـی شوباتی 2026، حکوومەتی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند،" لەو هەموارکردنەوانەی ئەمڕۆ شەممە دەرچوون، ناوی 7 کەسی تری خستە سەر لیستی یەکەمی پەیڕەوی رێکارە ئابوورییە تایبەتەکان بە ئێران، بەهۆی بەشداریکردنی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەو چالاکییانەی لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن و ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی تێکدەدەن."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە،" ئێران لە رێگەی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، بەردەوامە لە دروستکردنی هەڕەشەی جددی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەوانەش لە رێگەی چالاکییە زیانبەخشەکانی هێزە ئەمنییەکانی و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ میلیشیا ناحکوومییەکان و گروپە چەکدارە ناسێنراوەکان بە تیرۆریست، کە بە بەرەی مقاوەمە ناو دەبرێن."
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە،"پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ گروپە تیرۆریستییەکان، لەوانە حەماسی فەلەستینی، حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی ئەنساروڵا لە یەمەن کە کەنەدا وەک گرووپی تیرۆریستی ناساندوونی یان سزای بەسەردا سەپاندوون پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی، دابینکردنی چەک، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، مەشق و راهێنان، جگە لە پاڵپشتی ئایدیۆلۆژی و سیاسی لەخۆدەگرێت."
حکوومەتی کەنەدا دەڵێت،"لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، ئێران بەردەوامە لە سەرکوتکردنی ناڕازییان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە رێگەی کوشتن، هەڕەشە، توندوتیژی، چاودێریکردن و دەستگیرکردنی سەرەڕۆیانە، لە دەرەوەی سنوورەکانیشی، ئێران خەریکی یارمەتیدانی ئەو گرووپانەیە کە بەردەوام وەکو هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی".
بەگوێرەی بەیاننامەکەی حکوومەتی کەنەدا،" کەنەدا بە گشتی سزای بەسەر 478 کەس و گرووپی ئێرانی لە ناو دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و کەرتی ئابووریدا سەپاندووە، ئەوەش لە چوارچێوەی پەیڕەوی رێکارە ئابوورییە تایبەتەکان بە ئێران و یاسای دادپەروەری بۆ قوربانیانی بەرپرسە گەندەڵە بیانییەکان، کە زۆربەی ئەم رێکارانە لە ساڵی 2022ەوە سەپێنراون."
حکوومەتی کەنەدا جەختی کردووەتەوە،"ئەم رێکارانە قەدەغەکردنی مامەڵەکردن دەسەپێنن، ئەمەش بەواتای بەستنی هەر سەرمایە و موڵکێک دێت کە کەسە سزادراوەکان لە کەنەدا هەیانبێت، هەروەها قەدەغەیە لەسەر کەسانی ناو کەنەدا و کەنەدییەکانی دەرەوە کە موڵک یان پارە بۆ ئەو کەسانە دابین بکەن کە لە لیستەکەدان، هەروەها ئەو کەسانە بەپێی یاسای کۆچ و پاراستنی پەنابەران، مافی چوونە ناو خاکی کەنەدایان نابێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، هێزی دەریایی شاهانەی کەنەدای وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساند، وەک وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی کەنەدا لە حوزەیرانی 2024 کە سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساندبوو.
لە تشرینی یەکەمی 2022ەوە، کەنەدا چەندین سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە کە بەرپرسانی حکوومی و گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسداران و چەندین لایەنی تری گرتووەتەوە.
هەروەها کەنەدا لە ساڵی 2012ەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران بەتەواوی پچڕاندووە، بەو پاساوەی تاران "هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی جیهانی" دروست دەکات.