وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ئاسانکاری بۆ هەڵبژاردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان دەکات

پرۆسەی هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی (کرمانجی و زازاکی) لە قوتابخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا تا 20ـی شوبات بەردەوام دەبێت. رێکخراوە مەدەنییەکان و مامۆستایان هەڵمەتەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ هاندانی زۆرترین قوتابی تا وانەی زمانی دایکیان هەڵبژێرن و ئامانجیانە ژمارەکە بگەیەننە 100 هەزار قوتابی.

بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵی رابردوو 59 هەزار و 362 قوتابی لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان وانەی کوردییان هەڵبژاردبوو. ئەمساڵ رێکخراوە مەدەنییەکان و سەندیکاکان چالاکترن؛ لەرێگەی سەردانکردنی ماڵان و پەیوەندیکردن بە دایکان و باوکانەوە، هانیان دەدەن منداڵەکانیان بۆ خوێندنی زمانی کوردی ناونووس بکەن.

ماهر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24 لە دیاربەکر رایگەیاند؛ ماوەی 14 ساڵە وانەی هەڵبژاردنی کوردی لە سیستەمی پەروەردەی تورکیادا هەیە. ساڵانی رابردوو بەڕێوەبەری قوتابخانەکان زۆرجار ئاستەنگیان بۆ پرۆسەکە دروست دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بۆ یەکەمجار و بەگوێرەی زانیاریی رێکخراوە مەدەنییەکان، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پەیامی بۆ قوتابخانەکان ناردووە نابێت هیچ ئاستەنگێک دروست بکرێت و پێویستە ئاسانکاری بۆ هەڵبژاردنی وانەی کوردی بکرێت.

رەمەزان تەکدەمیر، سەرۆکی سەندیکای پەروەردەیی لە دیاربەکر (مەموور سەن) بە کوردستان24ـی راگەیاند: "وەزارەتی پەروەردەش پاڵپشتیی ئەم پرسە دەکات. ئێمە داوا لە دایکان و باوکان دەکەین نەترسن و دوودڵ نەبن، چونکە منداڵەکانیان تا چەند پەرە بە زمانی دایکیان بدەن، هێندە زیاتر متمانەیان بەخۆیان دەبێت و ئاستی هۆشیارییان بەرز دەبێتەوە."

لای خۆیەوە خودایی مورسومبول، بەرپرسی هەڵمەتی هەڵبژاردنی وانەی کوردی ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەوان وەک رێکخراوە مەدەنییەکان، زانکۆکان و پلاتفۆرمی زمانی کوردی، هەماهەنگییەکی باشیان کردووە و سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەیان کردووە.
مورسومبول گوتی: "ئامانجی ئێمە گەیاندنی ژمارەی ئەو قوتابییانەیە وانەی کوردی هەڵدەبژێرن بۆ 100 هەزار قوتابی. بەڕێوەبەرانی پەروەردە بەڵێنیان داوە ئاستەنگ دروست نەکرێت."

سدقی زیلان، مافناس و چالاکوان جەختی لەوە کردەوە تەنیا قوتابخانە بەس نییە، بەڵکوو دەبێت کورد لە ماڵەوە، بازاڕ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بە کوردی قسە بکەن.
زیلان گوتی: "دەوڵەت جاران نکۆڵی لە زمانی کوردی دەکرد، بەڵام ئێستا بە فەرمی دان بە بوونی زمانەکەدا دەنێت لەرێگەی ئەم وانانەوە. سیاسەتی تواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن) هەر ماوە، بەڵام دەبێت بە دەستی خۆمان کۆتایی بەو دۆخە بهێنین و خاوەنداری لە زمانی خۆمان بکەین."