تەخترەوانچی: بەمەرج ئامادەی رێککەوتنین لەگەڵ ئەمریکا
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە نەرمی بنوێنێت و "سازش" بکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام بەو مەرجەی ئەمریکییەکان ئامادەی گفتوگۆبن لەسەر لابردنی سزاکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، مەجید تەخترەوانچی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕی "بی بی سی" لە تارانەوە گوتی: "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، ئەگەر ئەوان دڵسۆز بن، دڵنیام ئێمەش دەکەوینە سەر رێڕەوی رێککەوتن."
سەبارەت بەوەی سازشەکان چین، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، ئامادەن گفتوگۆ لەسەر دابەزاندنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بکەن کە ئێستا گەیشتووەتە %60 بەڵام جەختی کردەوە، دۆسیەی "پیتاندنی سفر" چیتر لەسەر مێز نییە و ئەوە قبوڵ ناکەن، ئەمەش پێچەوانەی لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپە کە گوتبووی، نامانەوێت هیچ پیتاندنێک هەبێت، هەروەها تەخترەوانچی بەتەواوی گفتوگۆکردنی لەسەر بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکان رەتکردەوە.
پەیوەست بە گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ دەرەوەی وڵات وەک ئەوەی لە رێککەوتنی 2015 کرا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "هێشتا زووە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت".
ئەم لێدوانانە پێش گەڕی دووەمی دانوستانەکان دێت کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە جنێڤ بەڕێوەبچێت. تەخترەوانچی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی پێشووی عومانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد، بەڵام گوتی، "زووە بۆ بڕیاردان".
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن: تاران هۆکاری دواکەوتنی پڕۆسەکەیە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە رایگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ خواستی هەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ ئێران کارێکی زۆر سەختە."
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە ترەمپ هێزی زیاتری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و هەڕەشەی گورزی سەربازی دەکات ئەگەر رێککەوتن نەکرێت.