رێباز حەملان: شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە بودجە، گومرگ و خاڵە سنوورییەکان.

یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، گوتیشی،"یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سەردانە، تاوتوێکردنی ئەو رێنمایی و رێکارە نوێیانەیە کە لە خاڵە سنوورییەکان و گومرگەکانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێن، بە تایبەت پرسی "سیستەمی ئەسیکۆدا" (Asycuda) کە کێشەی گەورەی بۆ خاوەنکار و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و بوەتە ئاستەنگ لەبەردەم جووڵەی بازرگانی
رێباز حەملان ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە پرسی گومرگ، شاندەکەی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان، گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2024 و پرسی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەکەن، ئامانج لەم گفتوگۆیانە گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە داراییانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، حکوومەتی هەرێم دەیەوێت لەگەڵ ستافی نوێی وەزارەتی دارایی عێراق هەماهەنگییەکی زیاتر دروست بکات بۆ ئەوەیرڕێگری لە هەر گرفتێکی تەکنیکی و دارایی بکرێت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بژێوی هاووڵاتییان و بازاڕی هەرێمی کوردستان هەبێت.

لەمبارەیەوە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا شاندەکە بگاتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ ئەنجام بدات.