تەندروستی غەززە: لە 24 کاتژمێردا ئیسرائیل 10 کەسی لە غەززە کوشتووە
تەندروستی کەرتی غەززە نوێترین ئاماری قوربانییانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست، هێرش و پێکدادانەکان بەردەوامن و زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 24 کاتژمێردا 19 کەس بوونەتە قوربانی.
یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، تەندروستی غەززە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە 10 فەلەستینی کوژراون و 9ـی دیکەش بریندار بوون، ئاماژە بەوەش کراوە تیمەکانی بەرگری شارستانی و ئەمبوڵانس بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانەوە، ناتوانن بگەنە بەشێک لە قوربانییەکان کە لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی تەندروستی کەرتی غەززە، لە کاتی دەسپێکردنی ئاگربەست لە 11ـی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، تاوەکو ئێستا 601 کەس کوژراون و یەک هەزار و 607 کەسیش بریندار بوون، هەروەها تەرمی 726 کەس لەژێر داروپەردوو یان لە ناوچە جیاجیاکان دەرهێنراونەتەوە.
داتاکانی تەندروستی غەززە نیشانی دەدەن کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە، کۆی گشتی کوژراوان گەیشتووەتە 72 هەزار و 61 کەس، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش بۆ 171 هەزار و 715 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل باس لە کوشتنی دوو فەلەستینی دەکات بە پاساوی نزیکبوونەوە لە هێزەکانیان، ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس یەکتری بە پێشێلکردنی بەندەکانی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن، سەرچاوە فەلەستینییەکان جەخت دەکەنەوە کە بۆردومان و تەقەکردن لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتەکە بەردەوامە، ئەمەش دۆخی مرۆیی غەززەی بەرەو خراپتربوون بردووە.