سعوودییە: هەر کەسێک مانگی رەمەزانی بینی، ئاگادارمان بکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، لە راگەیەندراوێکدا دادگای باڵای سعوودیە داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان و موسڵمانانی وڵاتەکەی دەکات، ئێوارەی رۆژی سێشەممە چاودێری بینینی مانگ بکەن، بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان.
دادگای باڵای سعوودیە ئاماژەی بەوە کردووە، داوا لە هەر کەسێک دەکرێت کە توانی بە چاوی ئاسایی یان لە ڕێگەی دووربینەوە (تێلسکۆپ) مانگ ببینێت، نزیکترین دادگا ئاگادار بکاتەوە و شایەتیدانی خۆی تۆمار بکات و سوێندی یاسایی بخوات، تاوەکو یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بە فەرمی دیاری بکرێت.
ساڵانە لە وڵاتانی ئیسلامی، بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، لە ئێوارەی دواین رۆژی مانگی شەعباندا چاودێری بینینی مانگ دەکرێت، ئەمەش رێکارێکی ئایینی و فەرمییە بۆ دەستپێکردنی مانگی رۆژووەوانان.