لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی کێشەی قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی چارەسەر کرا
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند: لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کێشەی قوتابییانی خوێندنی ئیسلامی چارەسەرکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2026، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ھاوبەش لە نێوان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و وەزیری خوێندنی باڵاو وەزیری پەروەدەو سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەرگرتنی قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی لەزانکۆکان بەڕێوەچوو و دوای ھەڵسەنگاندنی گشتی و خستنەڕووی ڕێگای گونجاو، بڕیاردرا بە وەرگرتنی قوتابیانی قوتابخانەکانی خوێندنی ئیسلامی سەر بەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی.
ھەروەھا لەژێر ڕۆشنایی ئەم کۆبونەوەیە، ئەمرۆ دووشەممە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەبڕیاری ژمارە(3211) 16ـی شوباتی 2026،، وەرگرتنی قوتابیان راگەیندراو کە 165 قوتابی خوێندنی ئیسلامی لەزانکۆکانی کوردستان وەرگیران.
وەزارەتی ئەوقاف سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات،لەسەر راسپاردەیان کێشەکە چارەسەر کرا.
لەلای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دابوو دەرچووانی پۆلی 12ـی قوتابخانە ئایینیەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرنەگیرێن ئەمڕۆ دووشەممە دوای هەوڵێکی زۆر رەزامەندی درا بە وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان.
گوتەبێژی یەکێتی زانایان ئاماژەی بەوە دا، دەسەڵات بە زانکۆکان دراوە لەوەی ئایا دەست بە دەوام بکەن یان بچێتە ساڵی داهاتوو.
لە هەرێمی کوردستان 20 قوتابخانەی و دوو پەیمانگای ئایینی تایبەت هەن، کە سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینین، هەروەها ئەو قوتابخانانە پێشتر سەربە وەزارەتی پەروەردە بوون، بەڵام دواتر گواسترانەوە سەر وەزارەتی ئەوقاف.