عێراق توانای بەرهەمهێنانی نەوت بۆ شەش ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرزدەکاتەوە

"هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ خێراکردنی کارەکانی پڕۆژەی پەرەپێدانی عەمبارە نەوتییەکانی فاو"

نەوتی عێراق
نەوتی عێراق

K24 - ھەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی عەمبارە نەوتییەکانی فاو، تاوەکو ساڵی 2023 توانای بەرهەمهێنان بۆ  شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزدەکەنەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوت، کەریم حەتاب بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری بەرهەمهێنان رایگەیاندووە، وەزارەتی نەوت هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ خێراکردنی کارەکانی پڕۆژەی پەرەپێدانی عەمبارە نەوتییەکانی قەزای فاو لە پارێزگای بەسرە، کە ئامانج لێی بەردەوامیدانە بە ئاستی هەناردەکردن لە بەندەرەکانی باشووری وڵات.

ئاماژەی بەوەشكراوە،  دامەزراندنی ئەو پڕۆژەیە 34 عەمباری نەوتی لە خۆدەگرێت کە توانای عەمبارکردنی 58 هەزار بەمیل نەوتی هەیە.

 روونیشی كردووەتەوە، ئامانج لە دامەزراندنیان بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانە لە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە بۆ شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە ساڵی 2023.

ئەو بریکارەی وەزارەتی نەوت دەشڵێت، ئەو پڕۆژانە دامەزراندن بنیاتنانی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و ترۆمپای تۆربینی ئاسۆیی و ترۆمپای هاوکاری ستوونی و بۆری و چەندین وێسگەی دیکە و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە لەخۆدەگرێت، لە هەمان کاتدا لە پلانی وەزارەتی نەوتە بۆری دەریایی لە عەمباری فاو تاوەکو بەندەرەکانی هەناردەی نەوتی درێژبکاتەوە.

Fly Erbil Advertisment