لە پیرمام؛ یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی قوتابیان بەڕێوەچوو

لە شارۆچکەی پیرمام، بە بەشداری چەندین گرووپی هونەریی قوتابخانەکان، یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام بۆ قوتابیان بەڕێوەچوو، تێیدا چەندین پەیامی پەروەردەیی و نەتەوەیی لە رێگەی هونەری شانۆوە نمایش کران.

لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پیرمام، فێستیڤاڵەکە وەک دەسپێشخەرییەک بۆ دەرخستنی بەهرەی لاوان و قوتابیان رێکخرا. نمایشەکان لەسەر شەقام و لەناو جەماوەردا پێشکەش کران، ئەمەش وایکرد بینەرێکی زۆر لە دەوری شانۆگەرییەکان کۆببنەوە.

شانۆگەرییەکان چەندین تەوەری جیاوازیان لەخۆ گرتبوو، یەکێک لەوانە پرسی مافی خوێندنی کچان بوو. سایە حسێن، سەرپەرشتیاری یەکێک لە گرووپە شانۆییەکان بوو، دەربارەی نمایشەکەیان بە کوردستان24ی راگەیاند: "شانۆگەرییەکەمان بە ناوی (پەنجەرەیەک روو لە تاریکی) بوو،  تێیدا باس لەو کلتوورە کۆنە دەکەین کە رێگری لە کچان دەکرد بخوێنن یان زیندەبەچاڵ دەکران، ویستمان لە رێگەی ئەم نمایشەوە پەیامی خۆمان بگەیەنین."

بەشێکی دیکەی نمایشەکان تایبەت بوون بە مێژووی خەبات و دۆزی نەتەوەیی کورد. ڕەیان مەقسود، قوتابی و ئەکتەری بەشداربوو، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان لە رێگەی نواندنی رۆڵی پێشمەرگە و رۆژنامەنووس، پەیامێکی تایبەتیان بۆ پشتگیریکردنی رۆژئاوای کوردستان پێشکەش کردووە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە بێ ترس و سترێس توانیویانە لە بەردەم بینەران نمایش بکەن.

هونەرمەندان و شارەزایانی بواری شانۆ کە ئامادەی فێستیڤاڵەکە بوون، ئاستی قوتابیانیان بە بەرز نرخاند. یەکێک لە میوانە پسپۆڕەکان ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمە یەکەمین جارە لەسەر ئاستی کوردستان فێستیڤاڵێکی شانۆی سەر شەقام تایبەت بە پەروەردە رێکبخرێت. لێرەدا بەهرەی زۆر جوان لە دەرهێنان و نواندن و موزیکدا دەبینرێت، بۆیە پێشنیار دەکەین ئەم چالاکییە بکرێتە ساڵانە."

لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا، لە لایەن لیژنەی سەرپەرشتیار و بەرپرسانی پەروەردەوە، قەڵغانی رێزلێنان و خەڵات بەسەر گرووپە بەشداربووەکان و قوتابیە سەرکەوتووەکاندا دابەش کرا، وەک هاندانێک بۆ بەردەوامبوونیان لە کارە هونەرییەکانیاندا.