یاسا رێگە بە زاخۆ دەدات میوانداریی یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگی كەنداو بكات
لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنزلیگی كەنداو، یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە و لەبەردەم هاندەرانی میوانداریی یانەی سیترەی بەحرێنی دەكات، ئەم یارییە دەرفەتێكی گەورەیە بۆ ئەوەی زاخۆ بە بردنەوە لە یارییەكە بتوانێت یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە لەنێو یاریگەی خۆی بكات.
یانەی زاخۆ سبەی چوارشەممە لە نێو یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی سیترەی بەحرێنی دەبێتەوە، زاخۆ وەكو نوێنەری عێراق بەشداریی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو دەكات و بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ پێشەنگی كۆمەڵەكەی یەكەمی گرتووە، لە بەرامبەردا یانەی سیترە هیچ هیوایەكی نەماوە و لە كۆی 5 یاری تەنیا 2 خاڵی كۆكردووەتەوە و لە خانەی كۆتایی دێت.
بەپێی سیستەمی خولەكە، یەكلایی كراوەتەوە كە یاریی پێشكۆتایی و یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە بەشێوازی چوون و گەڕانەوە بەڕێوە دەچێت، بەڵام بڕگەیەك لەنێو یاسای خولەكەدا هەیە، هەر یانەیەك زۆرترین خاڵ لەسەر ئاستی هەردوو كۆمەڵە بەدەستبهێنێت یاریی گەڕانەوەی كۆتایی لەنێو یاریگە و لەبەردەم هاندەرانی خۆی دەبێت. لە ئەگەری یەكەسانبوونی خاڵەكان، جیاوازی گۆڵ دەكرێتە پێوەر، ئەگەر لەمەش وەكو یەك بوون، فیدراسیۆنی یانەكانی كەنداوی عەرەبی، بە تیروپشك یاریگەی یاریی گەڕانەوەی پاڵەوانێتییەكە یەكلایی دەكەنەوە.
یانەی زاخۆ 10 خاڵی، لە كاتێكدا یانەی رەیانی قەتەری لە كۆمەڵەی دووەم خاوەنی 9 خاڵە، زاخۆ لە ئەگەری بردنەوەی یارییەكە بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ دەبێتە خاوەنی زۆرترین خاڵ لە پاڵەوانێتییەكە، بەمەش ئەگەر قۆناغی پێشكۆتایی ببڕێت دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕخسێت لەبەردەم هاندەرانی جامی چامپیۆنزلیگی كەنداو بەرز بكاتەوە.
لە لایەكی دیكەشەوە، پێشنیار كراوە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگی كەنداو بە یەك یاریی بەڕێوە بچێت، بەڵام هێشتا بە فەرمی ئەم بابەتە یەكلایی نەكراوەتەوە.
یانەی زاخۆ لە ئەگەری بردنەوەی یارییەكەی سبەی وەكو پاڵەوانی گرووپی یەكەم رووبەڕووی دووەمی گرووپەكەی دیكە دەبێتەوە، نزیكترین ركابەری زاخۆ لە قۆناغی پێشكۆتایی رەنگە یانەی نەهزەی عومانی بێت كە ئێستا پلەی دووەمی كۆمەڵەكەی گرتووە.