لە تورکیا گۆشتی مریشک 15% گران کرا

لە تورکیا خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر، نرخی مریشکیان بە رێژەی 15% زیادکردووە. ئەم بڕیارەش بەم مانگی رەمەزانە خەڵکی نیگەران کردووە، وەزارەتی بازرگانیی تورکیاش بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ، هەناردەی مریشکی راگرتووە، بەمەش خاوەن پرۆژەکان ناڕەزایی دەردەبڕن کە بەهۆی سیاسەتی حکوومەتەوە، داهات سەری مایە دەخوات.

لەبارەی گرانبوونی نرخی مریشک و گۆشتی سپی، هاووڵاتییان دەڵێن، لە کاتێکدا بەهۆی گرانییەکی زۆرەوە ناتوانن گۆشتی سوور بکڕن، بە گرانبوونی مریشکیش وادیارە مانگی رەمەزان بە بێ گۆشت بەڕێ دەکەن.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئیستانبول بە کوردستان24ی گوت: ئەوەی بەرانبەر بە خەڵک دەکرێت، ناڕەوایە، لە رەمەزاندا نرخی خۆراک بەرز دەکەنەوە، خەڵکی کەم دەرامەت ناتوانێت گۆشتی سوور بکڕێت و زیاتر گۆشتی مریشک دەکڕن و نرخی مریشکیش بەرز بووەتەوە و تەنیا خەڵکی کەم دەرامەت زەرەرمەند دەبن. 

هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێت: گۆشتی سپی گران بووە و لەمە بەدواوە دەبێت چاوەڕوانی داشکانەکان بین بۆ ئەوەی گۆشتی سپی بکڕین، بۆیە پێویستە حکوومەت بەدواداچوونێک بۆ ئەو بابەتە بکات.

خاوەن پرۆژەیەکی بەخێوکردنی پەلەوەر، نکۆڵی لە بەرزی نرخ ناکات و پێیان وایە گۆشتی مریشک بەراورد بە هەڵاوسان و تێچووی بەرهەمهێنان هێشتا بە هەرزانی ماوەتەوە. 

عەبدولمەناف ئەتیلگان، 15 ساڵە خاوەنی پرۆژەی بەخێوکردنی مریشک و فرۆشیاری گۆشتە، دەڵێت " ئێستا لە خراپترین بارودۆخداین و زۆرێک لە پرۆژە گەورەکانی مریشک کۆتایی بە کارەکانیان دەهێنن".

ئەتیلگان گوتی: مریشک گران نییە و کیلۆی مریشک بە 90 لیرەیە لە کاتێکدا کیلۆی تەماتە بە 100 لیرەیە، لە 2012 دا کرێی دوکانمان 3000 لیرە بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 40 هەزار و تێچووی کارەباش 70  هەزار و هەموو تێچووێک زیاد بووە، ئەو 15%ەیە هیچ نییە و دەبوو 50% نرخەکەی بەرز ببێتەوە، هیچ قازانجێکی ئەوتۆ لەو کارەدا نەماوە، من و منداڵەکانم بۆ بژێوی ژیانمان تەنیا ئەو کارەمان هەیە و خەڵکیش پەرێشانە و ناهەق نین.

هەروەها لەبەردەم دووکانەیدا، بەراوردکارییەک لەنێوان ئێستا نۆ ساڵ لەمەوبەر دەکات و دەڵێت: لەم دوکانە بچووکەدا ساڵی 2017دا رۆژانە چوار تۆن مریشک دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا فرۆش بووەتە 300 کیلۆگرام لە رۆژێکدا. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە توانای کڕینی هاووڵاتییان چەندە لاوازە و بازاڕیش چەند سست بووە.

جاران بەر لە هاتنی مانگی رەمەزان نرخی گۆشت و خۆراک بە نهێنی و شێنەیی بەرز دەکرانەوە، بەڵام گرانبوونی ئێستا ئاشکرایە. خەڵکیش چاوەڕوانە بڕیارەکەی وەزارەتی بازرگانی تورکیا قەدەخەی هەناردەکردنە دەرەوەی مریشک، هۆکار بێت بۆ ئەوەی زوو نرخی گۆشت دابەزێنێت.