قەرەبووی حاجیان دەکرێتەوە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، رایگەیاند؛ دەست کرا بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەی وەک قەرەبوو بۆ ئەو حاجیانە تەرخانکرابوو کە ساڵی رابردوو بەهۆی گۆڕانی شێوازی گەڕانەوەیان لە گەشتی حەج، زیانیان بەرکەوتبوو.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان گوتیشی: "بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی، بڕیار درا بڕی 80 هەزار دینار بۆ هەر حاجییەک بگەڕێنرێتەوە. ئەم بڕیارە ئەو حاجیانە دەگرێتەوە کە ساڵی 2023 گەشتی چوونەکەیان بە ئاسمانی بووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و هەندێک رێکاری کارگێڕی، ناچار بوون بە رێگەی وشکانی و بە پاس بگەڕێنەوە."

لەبارەی بڕی قەرەبووەکە کاروان ستوونی دەڵێت: بڕی پارەکە، 80 هەزار دیناری عێراقییە بۆ هەر حاجییەک، ژمارەی حاجییەکانیش نزیکەی 3400 حاجی دەبێت و سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە حاجییەکە خۆی ئامادە بێت بۆ پەنجەمۆر، یان لە حاڵەتی نەبوونی ئەودا، پێویستە کەسێکی نزیکی بە وەکالەتنامەی فەرمی سەردان بکات بۆ وەرگرتنی بڕە پارەکە.

پرۆسەی دابەشکردنەکە لە دوێنێوە دەستی پێکردووە و بڕیارە تا هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت، تاوەکو تەواوی ئەو حاجیانەی ناویان لە لیستەکەدا هەیە، قەرەبووەکانیان وەربگرنەوە.