نووسینگەی سیستانی: سبەی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە
نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، سبەی پێنجشەممەی وەیەک یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دیاریی کرد.
نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەی پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزە.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ دیوانی وەقفی سوننیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممەی وەک یەکەمین رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دیاریی کردبوو.
زۆرینەی وڵاتە عەرەبییەکان، ئەمڕۆیان وەکو یەکەمین رۆژی مانگی رەمەزان دیاریی کردبوو، بەڵام وڵاتەکانی؛ تورکیا، ئێران، عوممان، ئیندۆنیزیا، سەنگاپوورە و ژاپۆن سبەینێیان وەک دەستپێکی مانگە پیرۆزەکە دیاریی کردبوو.
ساڵانە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان، مشتومڕ لەسەر دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دروست دەبێت، هەروەها وەک هەمیشە سووننە مەزهەب و شیعە مەزهەبەکان، لە یەک رۆژدا هاتنی رەمەزان راناگەیەنن، بەڵکوو بە جیا رۆژێک دیاریی دەکەن بۆ دەستپێکی مانگە پیرۆزەکە.