ئێزدییەکان بە ئامادەکردنی "پەخون" پێشوازی لە جەژنی خدر ئەلیاس دەکەن

ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، کوردانی ئێزدی یادی جەژنی "خدر ئەلیاس" دەکەنەوە. ئەم جەژنە لای ئێزدییەکان پێگەیەکی تایبەتی هەیە و چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی و کلتووری لەخۆدەگرێت، کە دیارترینیان ئامادەکردنی جۆرە خواردنێکی تایبەتە لە دانەوێڵە.

یەکێک لە دیمەنە هەرە دیارەکانی پێشوازیکردن لەم جەژنە، کۆبوونەوەی ژنانی ئێزدییە لە حەوشەی ماڵەکاندا بۆ ئامادەکردنی "پەخون" یان "کچکە". ئەم خواردنە لە تێکەڵەیەک لە چەندین جۆری دانەوێڵە و وشکەبارات پێکدێت، لەوانە؛ گەنم، پێکهاتەی سەرەکییە، نۆک و نیسک و پاقلە و گەنمەشامی هەروەها تۆوی کولەکە و گوڵەبەڕۆژە
ئەم پێکهاتانە لەسەر ساجێکی گەورە و بە ئاگری دار دەبرژێنرێن، پاشان دەهاڕدرێن و دەکرێنە "پەخون" یان وەک "چەرەز" لە کاتی مەراسیمەکاندا پێشکەش دەکرێن.

بەر لە هاتنی جەژن، پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕۆژوو دەبن. یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم جەژنە ئەوەیە کە بە "بێخوێن" ناو دەبرێت؛ واتە لەم چەند ڕۆژەدا هیچ ئاژەڵێک سەرنابڕدرێت و گۆشت ناخورێت، وەک ڕێزێک بۆ پیرۆزیی جەژنەکە و پاراستنی گیانی زیندەوەران.

ترکۆ خدر، یەکێک لەو ژنە ئێزدییانەی سەرقاڵی ئامادەکارییە، بۆ کوردستان24 دەڵێت: "ئێمە زیاتر لە 40 بۆ 50 ساڵە بەردەوامین لەسەر ئەم رێوڕەسمانە. هەموو ساڵێک دانەوێڵەکان دەبرژێنین و نزا دەخوازین کە خدر ئەلیاس خێر و بەرەکەت بڕێژێت بەسەر ماڵ و منداڵمان و هەموو جیهاندا."

لە ڕۆژی جەژندا، خێزانەکان سەردانی یەکتری دەکەن و ئەو خواردنانەی ئامادەیان کردووە لەگەڵ چا بەسەر میوانەکاندا دابەشی دەکەن. ئەم بۆنەیە تەنیا جەژنێکی ئایینی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زیندووکردنەوەی ئەو کلتوورە دەوڵەمەندەی کە هەزاران ساڵە ئێزدییەکان پاراستوویانە.