مەترسی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مۆندیالی 2026 دروست دەبێت
چەند مانگێکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی 2026، رۆژ نیيە دەنگۆیەکی نوێ لەسەر بەرێوەچوونی ئەو پاڵەوانێتیە گەورەیە بە تایبەت لە ئەمریکا بڵاونەبێتەوە، لە کێشەی گرانی نرخی بلێتەکان تاوەکو کێشە سیاسیەکان و چەندان کێشەی دیکە. لە لایەكی دیكەیشەوە، رۆژی ئاهەنگی هاورەگەزخوازەکان کە هاوکاتە لەگەڵ یاری دوو هەڵبژاردەی موسڵمان، لەگەڵ هەڕەشەی سەرۆک شارەوانییەکی ئەمریکی، هەموو ئەمانە وایکردووە مەترسیەکی گەورە لەسەر مۆندیالی داهاتوو هەبێت.
مۆندیالی 2026 بۆ جاری یەکەم سێ وڵاتی ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا پێکەوە میوانداری دەکەن، هەروەها بۆ جاری یەکەم لە مێژوو ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربووەکان بۆ 48 هەڵبژاردە زیاد کراوە و چاوەڕێی گەشتی خەڵکانێکی زۆریش بۆ ئەو سێ وڵاتە دەکرێت.
لە چەند رۆژی رابردوو بە تایبەت دوای لێدوانەکانی (كەیت ویلسن) سەرۆک شارەوانی شاری سیاتێلی ئەمریکا، جارێکی دیکە کێشەی ئاهەنگی هاورەگەزبازەکان سەری هەڵدایەوە، کە دەکەوێتە رۆژی یاری دوو هەڵبژاردەی موسلمان کە ئێران و میسڕن.
رۆژی 26ـی مانگی حوزەیرانی تایبەت بە رۆژی هاورەگەزبازەکان، بڕیارە لەو رۆژەش هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و میسر یاری بکەن، بۆیە هەردوو هەڵبژاردە داوایان کردووە ئەو ئاهەنگە دوابخرێت، بەڵام سەرۆک شارەوانی شاری ستاتێل ئامادەنیە ئاهەنگی هاورەگەزخوازەکان دوابخات.
کێشەیەکی دیکە کە ماوەیەکی خەڵکانێکی زۆری لە سەرانسەری جیهان نیگەران کردووە، کێشەی گرانی نرخی بلیتی یارییەکانی مۆندیالە، بەجۆرێک نرخی هەندێ لە بلیتی یارییەکان پێنج هێندە زیادی کردووە. سەرەتا بلیتی یاری دەستپێک نرخەکەی 895 دۆلار بوو، کەچی ئێستا نرخەکەی نزیکەی 5300 دۆلارە.
لەلایەکی دیکەوە شارێکی ئەمریکی هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی حەوت یاری مۆندیال دەکات. (پێج دانکن) سەرۆک شارەوانی شاری فۆکسبۆرۆ هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر ئەو بودجەیەی بۆ شارەکەیان دیاری کراوە لە رووی ئەمنی زیاد نەکرێت، ئەوان توانای کۆنترۆڵ کردنی هاندەرانیان نابێت.
فێدراسیۆنی تۆپی پێ جیهانی ناودار بە فیفا بەردەوام کار لەسەر رەواندنی کێشەکان دەکات و دەیانەوێت بە باشترین شێوەی ئەو مۆندیالە بەڕێوەبچێت و چاوەڕێش دەکرێت مۆندیالی 2026، ببێتە پرهاندەرترین مۆندیال لە مێژوو.