گەشت بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ئێران رادەگیرێت

بڕیارەکە هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی دەگرێتەوە

لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی ناتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان لە دەروازە سنووری نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە گەشتی ئێران بکەن.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026، ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و رایدەگەیەنێت "سەرجەم گەشتیاران و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاگادار دەکەینەوە لە 1ی ئاداری 2026، واتە سەرەتا مانگی داهاتوو، بەدواوە هەر هاووڵاتییەک هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت ناتوانێت لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی سەردانی ئێران بکات.

هەروەها ئاماژەیداوە، ئەم راگرتنە تا کاتێک رێنمایی و میکانیزمی نوێ لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچێت، دواتر بەشێوەیەکی فەرمی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران  ئاسایی دەبێتەوە.

ئاگادارییەکەی دەروزارەی نێودوەڵەتی پەروێزخان، لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، هۆکاری راگرتنی گەشتی هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراق بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆیان بۆ ئێران روونیکردووەتەوە، ئەم بڕیارە تەنیا ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان دەگرێتەوە و ئامانج لێی خزمەتکردن و باشتر رێکخستنی کاروباری گەشتیارانە. بۆیە دەبێت ئاگاداری ئەم گۆڕانکاریانە بن:

- بە مەبەستی داڕشتنەوەی رێکار و میکانیزمی گونجاو و رێکخستنی کاروبارەکان بەگوێرەی رێنمایی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بڕیاردرا بە راگرتنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی گەشتیاری.

 - بڕیارەکە لە 1ـی ئاداری 2026 و بەدواوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت رادەگیرێت.

 - سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت، دەروازەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای تەواوبوونی رێکارەکان و رێکخستنەوەی دووبارە، گەشتیاران ئاگادار دەکرێنەوە.