ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: ئەمساڵ زیو کراوەتە بنەما بۆ دیاریکردنی نیسابی زەکات

ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ بڕی زەکاتی بۆ پارە و زێر و زیو دیاریکرد و لەگەڵ سێ هەزار دیناری عێراقی بۆ سەرفیترە و ئەوانەی توانای روژوبونیان نییە دیاریکردووە.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 19ـی شوباتی، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: نیسابی زەکاتی پارە بۆ ئەمساڵ سێ ملیۆن دیناری عێراقی واجبە زەکاتی (2.5 %) لێ بدات، واتە لە ملیۆنێک 25 هەزار دینار و لە 10 هەزار دۆلار 250 دۆلار بدات و هەروەها زەکاتی زیو 140 مسقاڵ هەر موسڵمانێک ئەو بڕە ئەو بڕە زیوەی هەبوو، واجبە لە (2.5 %) زەکاتی لێ بدات.

گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتیشی: بۆ زەکاتی زێڕ 20مسقاڵ واجبە نیو مسقاڵی لێ بدرێت، ئەگەر 40 مسقاڵ بوو، مسقاڵێک واجبە، هاوکات نیسابی (زەکاتی خشڵ)ی حەڵاڵی ئافرەتان کە بۆ خۆیان بەکاری بهێنن و بازرگانی پێوە نەکەن 200 مسقاڵ زێڕ، واجبە (2.5 %) لێ بدات.

باسی لەوەش کرد، زەکاتی (سەرفیترە) بۆ ئەم ساڵ، ئەگەر بە (پارە) بوو، سێ هەزار دیناری عێراقیە و هەروەها فیدیەی بەڕۆژوو نەبوون بۆ ئەم ساڵ بۆ ئەوانەی عوزری شەرعییان هەیە ئەگەر بە (پارە) بوو، سێ هەزار دیناری عێراقییە.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی جەخت لەوە دەکاتەوە، بۆ ئەمساڵ زیو بنەمای دیاریکردن بووە، چونکە مامەڵەی زۆری پێوەکرا و دیاریکردنیشی لە بەرژەوەندی هەژارانە.