لە هەرێمی کوردستان بازنەی پارەدانی دیجیتاڵی فراوانتر دەکرێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە خۆشحاڵییەوە بەشدارییکردنی بانکی ئیسلامیی عێراقی (IIB) لە پڕۆژەی 'ئی-پسوولە' راگەیاند، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ هاووڵاتییان تا لە رێگەی ئەم بانکەوە پارەی کارەبا بدەن و لە داشکاندنی تایبەت سوودمەند بن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی پرۆسەی فراوانکردنی ژێرخانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، بەشدارییکردنی بانکی ئیسلامیی عێراقی (IIB)ـی لە پڕۆژەی نیشتمانیی "ئی-پسوولە" راگەیاند. بەمەش بانکی ناوبراو دەبێتە حەوتەمین هاوبەشی ستراتیژی لەم کەرتەدا، دوای هەریەکە لە  (AsiaPay، FastPay، FIB، NassWallet، ZainCash و Cihan Bank).

بە پێی راگەیەنراوی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەودوا بەکارهێنەرانی بانکی ئیسلامیی عێراقی دەتوانن لە رێگەی ئەپلیکەیشنی مۆبایل و پۆرتاڵی ئەلیکترۆنیی بانکەکەوە، دەستیان بە سەکۆی "ئی-پسوولە" بگات و مامەڵە داراییەکانیان ئەنجام بدەن. ئامانجی ئەم هەنگاوە، ئاسانکاریی زیاترە بۆ هاووڵاتییان و فراوانکردنی دەستگەیشتنە بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەو ئۆفەرە تایبەتە کراوە کە حکوومەت وەک پاڵپشتی بۆ هاووڵاتییان رایگەیاندووە. بە پێی بڕیارەکە، تا ڕێککەوتی 12ـی ئاداری 2026، هەر هاوبەشێکی کارەبا (ماڵان) لە رێگەی سەکۆی "ئی-پسوولە" و ئەو بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییانەی بەشداریی پڕۆژەکەن، پارەی کارەبا بدات یان قەرزی کۆنی کارەبا، ئەوا رێژەی 20% ئەو بڕە پارەیان، لەسەر پسوولەی کارەبای مانگەکانی داهاتوو کەم دەکرێتەوە.

رۆژی 10ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی سەکۆی "ئی-پسوولە"ی راگەیاند. 

ئەم سەکۆیە تاکە دەروازەی فەرمیی پارەدانی دیجیتاڵیی حکوومەتی هەرێمە و مۆڵەتپێدراو و پەسەندکراوی بانکی ناوەندیی عێراقە، کە ئامانج لێی نەهێشتنی رۆتینە، هەروەها شەفافییەتە لە کۆکردنەوەی داهات و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان.