مزگەوتی شێخی چۆڵی؛ ناسنامە و مێژوویەکی دێرینی شاری هەولێر
مزگەوتی شێخی چۆڵی یەکێکە لە مزگەوتە دێرینەکانی کوردستان کە مێژوویەکەی بۆ زیاتر لە 140 ساڵ دەگەڕێتەوە و لە مانگی رەمەزاندا تایبەتمەندی خۆی هەیە.
مزگەوتەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێر، لە باشووری قەڵای هەولێر و نزیک شەقامی 30 مەتری.
مزگەوتی شێخی چۆڵی لە ساڵی 1883 لە لایەن شێخ محەممەدی چۆڵی و خەلیفە و موریدەكانییەوە، لە قووڕ و كەرچووچ دروست كراوە، دواتر لە ساڵی 1974بە شێوەیەكی باشتر و جوانتر نۆژەن كراوەتەوە تا سیمایەكی شارستانیی جوان و قەشەنگی پێوە دیار بێت.
ئەم مزگەوتە ماوەی زیاتر لە 140 ساڵە دروست كراوە و ماوەی 120ساڵیشە لەو مزگەوتە میوان و كەمدەرامەت و ئەو كەسانەی نوێژ لە مزگەوتەكە دەكەن، دوای نوێژی نیوەڕۆ خواردنیان بۆ ئامادە دەكرێت، لە مانگی رەمەزاندا رۆژانە لەم مزگەوتەدا خواردن بۆ سەدان كەس ئامادە دەكرێت بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی، تێچووی خواردنەكەش لە لایەن كەسانی خێرخوازەوە دابین دەكرێت و خواردنەکە لە لایەن ژمارەیەک ئافرەت و پیاوەوە ئامادە دەکرێت.
بە گوتەی مێژوونووسانی هەولێر بێت، چۆڵی بە واتای چۆڵەوانی دێت، چونکە مزگەوتەکە ئەو کات لە ناوچەیەکی بێ نیشتەجێبوون دوور لە ناوەندیی شار بووە، ئەو گۆشەیەی کە لەسەری دروست کراوە و ئەم مزگەتە چەندین تایبەتمەندی هەیە کە لە مزگەتەکانی دیکە جیا دەکاتەوە.
بە درێژایی مێژووی ئەو مزگەوتە ژمارەیەک مامۆستای ئایینی وەک پێش نوێژ و وتارخوێن کاریان کردووە لەوانە:
-مەلا محەممەد ئەمین شێخ محەممەد.
-مەلا عەبدوڵڵا مەلا محەممەد ئەمین.
-مەلا یونس ئیسماعیل.
-مەلا حاجی ئەلیاس ئەفەندی ئیسماعیل.
-مەلا یاسین مستەفا.
-مەلا تەھا یونس.
-مەلا جەمال تەھا.
-مەلا سەید محەممەد سەید ئیسماعیل.
-مەلا عەلی مەلا عەبدوڵڵا.
-مەلا فایز مەلا عەبدوڵڵا.
-مەلا عیمادەدین فایز عەبدوڵڵا، پێش نوێژ و وتارخوێنی ئێستایە.