حکوومەتی سووریا بەکارهێنانی ئاردی خراپ بەسەر نانەواخانەکان دەسەپێنێت
بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دابینکردن لە شاری دێرەزوور، بڕیارێکی نوێی دەرکردووە، بە گوێرەی بڕیارەکە ئاردی خراپ و بێ کوالێتی بەسەر نانەواخانەکاندا دەسەپێنێت، هاوکات هەڕەشەی سزای توند لەو نانەواخانانە دەکات کە نانی کوالێتی بەرز بەرهەم ناهێنن.
هەینی 20ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دابینکردن لە شاری دێرەزوور، هۆشداری راستەوخۆی ئاراستەی نانەواخانەکان کردووە، ڕایگەیاندووە، پشکی ئارد و پاڵپشتییە حکوومییەکان لە هەر نانەواخانەیەک دەبڕدرێت کە نانەکەی بەگوێرەی "پێوەرە بەرزەکان" نەبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، کارمەندانی ئەم کەرتە ئەم هەنگاوە بە دژایەتییەکی ئاشکرا ناودەبەن، چونکە ناتوانرێت بە ئاردێکی خراپ نانێکی باش دروست بکرێت.
لەبارەی بڕیارەکەی حکوومەتەوە ژمارەیەک لە خاوەن نانەواخانەکان بە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیان راگەیاندووە، دابینکردنی کەرەستەی خاوی بێ کوالێتی و پاشان سزادانی ئەوان، کارێکی ناڕەوایە، هاوکات ئەوان پێیان وایە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیەوێت بەرپرسیارێتی شکستەکە و کەموکورتییەکانی خۆی بخاتە ئەستۆی نانەواخانەکان و لەبەردەم رای گشتیدا ئەوان بە تاوانبار نیشان بدات.
خاوەنی نانەواخانەکان، هۆشداریشیان داوە کە ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری کوالێتی نانی هاووڵاتییان و دەبێتە دەروازەیەک بۆ گەندەڵی و گوشاری ناڕەوا.
لەلایەکی دیکەوە، دانیشتووانی دێرەزوور لە رێگەی روانگەکەوە داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە لەبری هەڕەشەکردن لە نانەواخانەکان، چاودێرییەکی توند بخەنە سەر سەرچاوەکانی دابینکردنی ئارد و کۆگاکان پێش ئەوەی ئاردەکە دابەش بکرێت.
لەمبارەیەوە هاووڵاتییان جەختییان لەوەکردوەتەوە، دەبێت دەوڵەت ئاردی شیاو بۆ خواردنی مرۆڤ دابین بکات، نەک پەنا بۆ سزایەک ببات کە تەنیا مەینەتییەکانی دانیشتووان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیاندا زیاد دەکات.