سی ئێن ئێن: چین نەوەیەکی نوێی چەکی ئەتۆمی پەرەپێدەدات

ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی، رایگەیاندووە، چین خەریکی پەرەپێدانی نەوەیەکی نوێی چەکی ئەتۆمییە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەش دوای ئەنجامدانی لانی کەم تاقیکردنەوەیەکی تەقینەوەی نهێنی دێت لە ساڵانی رابردوودا.

شەممە 21ـی شوباتی 2026، ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی، ئاشکرای کردووە، چین کار لەسەر پەرەپێدانی نەوەیەکی نوێی چەکی ئەتۆمی دەکات، وەک بەشێک لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ گۆڕینی تەواوی جبەخانە ئەتۆمییەکەی بۆ ئەوەی ببێتە پێشکەوتووترین جبەخانە لە رووی تەکنەلۆژییەوە لە جیهاندا".

ئاژانسەکە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە کە ئاگاداری هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگری ئەمریکان گواستوویەتییەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، هەڵسەنگاندنی ئەمریکا بۆ نیازی چین لە پەرەپێدانی ریشەیی چەکە ئەتۆمییەکانی، مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندە هەواڵگرییەکان و دەرەوەیاندا دروست کردووە سەبارەت بەوەی ئایا گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی بەیژینگ روویداوە سەبارەت بە ستراتیژییە ئەتۆمییەکەی، ئەم وەبەرهێنانە لە جبەخانە ئەتۆمییەکەیدا، چین لە پێگەی رکابەری رووسیا و ئەمریکا نزیک دەکاتەوە و رەنگە رێگەی پێ بدات توانا تەکنیکییەکان بەدەست بهێنێت کە هیچ کام لەو دوو هێزە ئەتۆمییە باڵادەستەی ئێستا نەیانەوێت.

بە گوێرەی سەرچاوەکان و لێدوانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمریکا، چین لە حوزەیرانی 2020دا بە نهێنی تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی لە دامەزراوەی "لۆب نوور" لە باکووری رۆژئاوای وڵات ئەنجامداوە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 1996ەوە بە ئارەزوومەندانە ئەو جۆرە چالاکییانەی راگرتبوو، هاوکات پلانی هەبووە لە داهاتوودا تاقیکردنەوەی زیاتر ئەنجام بدات.

هەرچەندە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم مانگەدا بە ئاشکرا تاقیکردنەوەکەی ساڵی 2020یان ئاشکرا کرد، بەڵام پێشتر مەبەستی تاقیکردنەوەکە ئاشکرا نەکرابوو.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە تۆڕە ئەمریکییەکەیان راگەیاندووە، ئەو بەڵگانەی لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی دوای رووداوەکەی حوزەیرانی 2020 کۆکراونەتەوە، وای لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە بگەنە ئەو ئەنجامەی کە تاقیکردنەوەکە بەهۆی هەوڵی چین بووە بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نەوەی داهاتوو، ئەمەش هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی سیستەمی چەکی زیادە دەگرێتەوە کە توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی بچووکراوەیان لەسەر یەک مووشەک هەبێت.

لە راپۆرتەکدا ئاماژە بەوەشکراوە، چین کار لەسەر پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی "تاکتیکی" دەکات کە هێزی تێکدانیان کەمە، ئەمەش شتێکە پێشتر بەرهەمی نەهێناوە و دەتوانرێت دژی ئامانجە نزیکەکانی خاکەکەی بەکاربهێنرێت، لەوانە لە سیناریۆکانی وەڵامدانەوەی بەیژینگ بۆ بەرگرییەکی ئەگەریی ئەمریکا لە تایوان.

بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا پێشتر بە ئاشکرا رایانگەیاندبوو، چین بە شێوەیەکی بەهێز پێگە ئەتۆمییەکانی فراوان دەکات، ئەمەش وایکردووە شرۆڤەکاران گومان بکەن کە بەیژینگ بەدوای تەکنەلۆژیای نوێدا دەگەڕێت، بەرپرسانی ئەمریکا ئێستا پێیان وایە بەڵگەی بەهێز هەیە کە پشتگیری لەم تیۆرییە دەکات، ئەوەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەنجامانەی لەسەر تاقیکردنەوەکەی ساڵی 2020 بەدەست هاتوون.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، چین لە ساڵی 1964ەوە خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمییە و بە خێراییەکی زیاتر لە هەر وڵاتێکی تری جیهان کڵاوەی جەنگی بەرهەم هێناوە، هەرچەندە قەبارەی جبەخانەکەی هێشتا زۆر کەمترە لە رووسیا و ئەمریکا، کە هێشتا زۆرترین پشکی چەکی ئەتۆمییان لە جیهاندا هەیە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگری ئەمریکا بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن بە ئاژانسی "سی ئێن ئێن"ـی راگەیاندووە،"ویلایەتە یەکگرتووەکان سیاسەتی ئەتۆمی چینی شێواندووە".

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی مۆدێرنکردندا، چین وەبەرهێنانی زۆری کردووە لە بەرزکردنەوەی توانای مانۆڕ و مانەوە، بەپێی چەند سەرچاوەیەک، ئاماژە بەوە کراوە کە بەیژینگ هەمیشە ترسی ئەوەی هەبووە ئەمریکا بتوانێت تەواوی هێزەکانی لەناو ببات پێش ئەوەی بتوانێت وەڵام بداتەوە، یان لانی کەم زیانێکی وایان پێ بگەیەنێت کە لەکاریان بخات.

هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە کە چین نیگەران بووە لە متمانەپێکراوی سیستەمەکانی، ئەمەش بووەتە هۆی پەلەکردن لە هەوڵەکانی مۆدێرنکردن و هاندەری وەبەرهێنان بووە لەو تەکنەلۆژیایانەی کە دەستەبەری ئەوە دەکەن کڵاوە ئەتۆمییەکانی بە وردی بپێکن.

راپۆرتەکە لە زاری دوو سەرچاوەوە دەڵێت:" چین لەو ماوەیەی پێش تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکەی حوزەیرانی 2020، زیاتر گومانی لە هێرشێکی ئەگەریی ئەمریکا هەبووە، لە ماوەی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵ، بەرپرسانی چین پەیوەندییان بە مارک میلی، سەرۆکی ئەوکاتی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکاوە کردووە، بەهۆی نیگەرانییان لە سوپرایزی تشرینی یەکەم".

هەرچەندە ئەو گرژییانە لە کۆتاییدا رەوینەوە، بەڵام چین لە ساڵانی دواتردا هەنگاوی نا نەک تەنها بۆ مۆدێرنکردنی هێزە ئەتۆمییەکانی، بەڵکو هەوڵی مۆدێرنکردنی تەواوی سوپاکەشی داوە.

کریستۆفەر یاو، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چالاکییەکدا لە پەیمانگای "هەدسن" بۆ توێژینەوە لە واشنتن، رایگەیاند، رووداوەکەی حوزەیرانی 2020 تەقینەوەیەک بووە کە بە گوڕی 2.75 پلە و لە پێوەری بومەلەرزەزانی تۆمارکراوە.