شێخ فادی بەدرییە: درووزەکان داوای جیابوونەوە لە سووریا دەکەن

کەسایەتیی دیاری درووزەکان تایبەت بۆ کوردستان24، رایگەیاند،" پێکهاتەی درووزەکان داوای جیابوونەوەیان لە دەسەڵاتی دیمەشق کردووە، چونکە ناتوانن لەژێر سێبەری حکوومەتێکدا بژین کە تەنها کار و پیشەی درۆکردنە".

یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، شێخ فادی بەدرییە کەسایەتیی دیاری درووزەکان تایبەت بۆ کوردستان24، رایگەیاند،"ئەحمەد جۆلانی سووریای رادەستی ئیسرائیل کردووە و سەروەریی وڵاتەکەی لەدەستداوە، گوتیشی، "حکوومەتی ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ ئاشتەوایی و یەکگرتنەوەی سووریا نادات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بەشێک لەوانەی لە ناو جومگەکانی سوپا و حکوومەتدان، تاوەکو ئێستاش بیر لە کۆمەڵکوژکردنی درووزەکان دەکەنەوە".

ئەو کەسایەتییە دیارەی درووزەکان جەختی کردەوە، ئەوان ناتوانن لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بژین، چونکە ئەو دەسەڵاتە دژی هەموو نەتەوە و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان شەڕ دەکات، گوتیشی، "ئێمە وەکو درووزەکان دەمانەوێت شکۆمان پارێزراو بێت، بۆیە داوای جیابوونەوەمان کردووە، ئەگەر بە ئاشتیش نەبێت، ئامادەی شەڕین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و بە هیچ جۆرێک سازش ناکەین".

سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، شێخ فادی وتی، "پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا زۆر باشە، ئێمە هەر زوو هۆشداریمان دایە ئەمریکا کە هێنانە سەر حووکمی جۆلانی هەڵەیەکی گەورەیە، ئێستاش داوامان لە ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە کە پشتگیری لە داواکارییەکانمان بۆ جیابوونەوە بکەن و هاوکاری درووزەکانی سوەیدا بن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان".


لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، شێخ فادی بەدرییە باسی لەوە کرد، ئێستا ناوچەی سوەیدا سەقامگیر و ئارامە، بەڵام دەوروبەری ناوچەکە لە دۆخێکی نائارامدایە، هەروەها داوای گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ئاوارانەی کرد کە بە زۆرەملێ لە شوێنەکانی خۆیان راگوێزراون و لە ناوچەی دیکە نیشتەجێ کراون، هاوکات جەختی لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی باووباپیرانیان کردەوە.