ئەژین عەبدولخالق کتێبی شیعری دەڤینی خوێنی بڵاو کردەوە

ئەژین عەبدولخالق، رۆماننووس و شاعیر، نوێترین کتێبی شیعری خۆی بەناوی دەڤینی خوێن، کە لەلایەن ناوەندی رەهەند چاپکراوە، بڵاو کردەوە.

یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، ئەژین عەبدولخالق، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە شیعرییەکەی بە کوردستان24ی گوت: من زیاتر لە 20 ساڵە دەنووسم، 10 کتێبم هەیە لە رۆمان و وەرگێڕانی فیکری و فەلسەفی، بەڵام قەت بوێری ئەوەم نەبوو شیعر لە کتێبێکدا کۆبکەمەوە و ببێت بە موڵک بەسەر ناوی مندا، بەڵام دەڤینی خوێن ئەو بوێرییەی پێدام و بەشێک لە شیعرەکانمی لە خۆگرت و ئەو شیعرانە بڵاو نەبووەتەوە، شیعرەکان لەبارەی، کولتووری شەرەف، ژیانی ژنانی شەڵتەر، دڵۆپە خوێن، ژیان لە غەریبی و بێ ناسنامەیین.

ئەژین عەبدولخالق گوتیشی: دەڤین بە واتای شاعیر دێت، یان دەوەن، لە هەر زمانێک مانایەکی قووڵی هەبوو، بۆیە پێم جوان بوو ئەم ناوە، هیوادارم خوێنەرەکانی چێژ لەو کتێبە شیعرییەم وەربگرن و یادگاری جوانی لەگەڵ دروست بکەن.

ئەو خانمە شاعیرە ئاماژەی بەوەش دا: شیعر زمانی منە، کاتێک وەک کیژۆڵەیەک عاشق بووم و وشەم پێ نەما، هانام بۆ شیعر برد و شیعرێکم بۆ نووسی، من شیعرم نووسی بۆ ئەوەی بڵێم مرۆڤ گەورەترە لە خراپەکانی.

ئەژین عەبدولخالق، رۆماننووس و شاعیر، یەکێکە لەو خانمە نووسەرانەی ساڵانێکە سەرقاڵی بواری نووسینە و خاوەنی 10 رۆمانە، پاش بڵاوبوونەوەی "نامەکانی فێرناندۆ"، کە لە ساڵی 2020 بڵاو بووەوە، رۆمانێکی نوێی بە ناوی "ژنەکان وڵاتیان نییە" بڵاو کردەوە، کە تێیدا پرسی ژن و سەفەر و مەنفا و شوناس و بێ وڵاتی، دەبنە هێمای سەرەکی رۆمانەکەی.