دوای بڕیارەکەی ترەمپ ئەرشیفەکانی بوونەوەرە ئاسمانییەکان سڕاونەتەوە

تەنیا رۆژێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا فەرمانی ئاشکراکردنی هەموو دۆسیە نهێنییەکانی تایبەت بە بوونەوەرە ئاسمانیی دەرکرد، ئەرشیفێکی گەورەی گشتی کە هەزاران دۆسیەی حکومیی لەسەر نهێنییەکانی هەواڵگری و تەنی فڕیو تێدا بوو، بە شێوەیەکی گوماناوەی بێسەروشوێن بوو.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، داتاکانی سێرڤەری سەرەکیی ماڵپەڕی زە بلاک ڤۆڵت (The Black Vault) سڕاونەتەوە، کە بووەتە هۆی لەناوچوونی سەدان گێگابایت دۆسیەی پەیوەست بە تەنی فڕیوی نەناسراو و پڕۆژەکانی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA).

جۆن گرینواڵد، ئەو توێژەرەی کە ماوەی 30 ساڵە خەریکی کۆکردنەوە و رێکخستنی ئەم زانیارییانەیە، رایگەیاندووە کە دەستکاری مۆڵەتەکانی چوونە ناوەوەی هەندێک لە بوخچەکان کراوە و تۆمارەکانی خاوەندارێتی فایلەکان بێ هیچ روونکردنەوەیەک گۆڕدراون.

ئەم رووداوە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری دا هەر زانیارییەک لەبارەی بوونەوەرە ئاسمانییەکان، دیاردە ئاسمانییەکان و قاپە فڕیوەکان هەیە بۆ رای گشتی ئاشکرای بکەن.

هەرچەندە گرینواڵد لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گومانی لە رووداوێکی تاوانکاری نییە و ئەوەی روویداوە تەنیا سڕینەوەی داتاکانە نەک تێکدانیان، بەڵام کاتی ڕووداوەکە و هاوکاتبوونی لەگەڵ بڕیارەکەی سەرۆک، گومانی زۆری لەلای توێژەرانی ئەم بوارە دروست کردووە.

دۆسیەی بوونەوەرە ئاسمانییەکان لە ئەمەریکا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و پێشتر حکوومەت بە تەواوی نکۆڵی لە بوونیان دەکرد، بەڵام لەم دواییانەدا ئەم بابەتە گەرمبووەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوو رایگەیاندبوو کە بوونەوەرە ئاسمانییەکان راستین.

دۆناڵد ترەمپیش لە بەرامبەردا ئۆبامای تۆمەتبار کرد بەوەی زانیاریی نهێنی درکاندووە و ئاماژەی بەوە دابوو، رەنگە سەرۆکی پێشوو لەو بارەیەوە هەڵەی گەورەی کردبێت، ئەمەش وای کردووە ململانێ لەسەر ئاشکراکردنی ئەم ئەرشیفە ببێتە یەکێک لە بابەتە جێگەی بایەخەکانی ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکانی واشنتن.