سوپای ئیسرائیل لە داواکارییەکانی پیتزا دەترسێت
میدیاکانی ئیسرائیل، ئاشکرایان کردووە، فەرمانێکی سەربازی لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە دەرچووە، کە سەربازانی ناو بنکە ئاسمانییەکان ناچار دەکات چیتر بە شێوەی ئۆنلاین خواردن داوا نەکەن، ئەمەش لە ترسی ئەوەی دەزگای هەواڵگری ئێران ئەو زانیارییانە بۆ مەبەستی سیخوڕی بەکاربهێنێت.
چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، ئاشکرای کردووە، فەرمانێکی سەربازی لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە تایبەت بۆ ئەو سەربازانە دەرچووە کە لە کۆمەڵگەی سەربازی "کیریا" لە ناوەڕاستی تەل ئەڤیڤ خزمەت دەکەن،ئاماژەی بەوەکردووە، فەرمانەکە داوایان لێدەکات داواکردنی خواردن راستەوخۆ بۆ ناو بنکەکە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "وۆڵت" (Wolt) رابگرن، لەبری ئەوە لەگەڵ کارمەندی گەیاندنەکە رێکبکەون کە خواردنەکە لە خاڵێکی دەرەوەی سەربازگەکە وەربگرن.
رۆژنامەکە رایگەیاندووە، ئەم بڕیارە لەبەر مەترسییە ئەمنییەکان دراوە، چونکە زیادبوونی کتوپڕ و بەرچاوی داواکارییەکانی گەیاندنی خواردن لە شەوێکی دیاریکراودا، رەنگە ئاشکرای بکات کە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازان لەناو بنکەکەدا ئامادەن، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ ئامادەکارییەکی ئۆپەراسیۆنی گرنگ وەک ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران لێکدەدرێتەوە، رێک هاوشێوەی ئەو دیاردەیەی لە ئەمریکا بە "پێوەری پیتزای پێنتاگۆن" ناسراوە.
رۆژنامەکە لاپەڕەیەکی رێنمایی و پێشنیازەکانی دەستکەوتووە کە بەسەر سەربازاندا دابەشکراوە، تیایدا رێکاری ورد دیاریکراوە بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی خواردن بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی چاودێریکردنی چالاکییە نائاساییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، هەندێک گرووپی ئۆنلاین لە حوزەیرانی 2025دا وایانزانیوە کە ئاماژەی پێشوەختەی هێرشێکی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران دۆزیوەتەوە، ئەوەش لە رێگەی چاودێریکردنی داتاکانی فرۆشتنی پیتزا لەو چێشتخانانەی کە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا نزیکن.
هەژمارێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە ناوی "Pentagon Pizza Report" ئاماژەی بەوە کردووە، شەوی دەستپێکردنی هێرشەکە کە گوایە کۆشکی سپی پێشوەختە ئاگاداری بووە زیادبوونێکی زۆر و نائاسایی لە داواکارییەکانی چێشتخانەیەکی نزیک پێنتاگۆن تۆمارکراوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کارکردنی چڕ و پڕی کارمەندان پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە بینراوە.
ئەم بیرۆکەیە پشت بە تیۆرییەکی کۆن دەبەستێت کە دەڵێت: بەرزبوونەوەی نائاسایی داواکارییەکانی خواردنی ئامادە بۆ ئەو کارمەندانەی لە شوێنە هەستیارەکانی وەک پێنتاگۆن تا درەنگانی شەو کاردەکەن، دەبێتە نیشانەیەک بۆ روودانی پێشهاتە نێودەوڵەتییە گەورەکان پێش ئەوەی بە فەرمی رابگەیەنرێن.