هاوكارییهكانی هاوپهیمانان بۆ هێزهكانی پێشمهرگه تا ساڵی (2022) بهردهوام دهبێت
وهین مهرۆتۆ: لە عێراق، (378) و لە سووریاش (438) چهكداری داعشمان دەستگیر کردووه

K24 - ههولێر:
وەین مەرۆتۆ، وتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، له میانهی بهشداریكردنی ژووری ههوڵی كوردستان24 رایگهیاند، "لە رێگەی پرۆگرامێكی تایبەتەوە، لهسهر بودجهی وەزارەتی بەرگری ئەمهریکا، له مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو زیاتر لە (6) ملیۆن دۆلار ھاوکاری سەربازی پێشمەرگە کراوە، ئەم ھاوکارییانەش تا ساڵی (2022) بەردەوام دەبن".
وەین مەرۆتۆ، وتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گوتی: "چۆن ھاوکاری پێشمەرگەمان کردووە لە کوردستان؟، ئێمە پرۆگرامێکمان ھەیە و بوجەیەکی بۆ تەرخانکراوە و پێی دەڵێین (سیتاف) واتا "بودجەی راھینان و پرچەککردنی ھاوپەیمانەکانمان بۆ لەناوبردنی داعش"، بودجەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمهریکاوە تەرخان دەکرێت، ئەمە جیاوازە لە پرۆگرامی ھاوکارییە داراییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا لە بواری ئەمنی".
گوتیشی: "له مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لە رێگەی پرۆگرامی "سیتاف"ەوە، بە بڕی زیاتر لە (6) ملیۆن دۆلار کەلوپەلی سەربازی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دابینکراوە، ئەم ھەفتەیەش بەگوێرەی ئەو خشتەی لەبەردەستمانە، (93) ئۆتۆمبێل رادەستی ھێزی پێشمەرگە دەکەین، (50) لاندکروزە و (20) ئۆتۆمبێلی گولەنەبر و (12) ئەمبوڵانس و (11) ھەمڤی، مانگی رابردووش زیاتر لە (40) ئۆتۆمبێلمان داوەتە ھێزی پێشمەرگە، بۆیە بۆ ئەمساڵ ھاوکارییەکان لەچوارچێوەی "سیتاف" بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن و تا ساڵی (2022)، بودجەی تەواوی بۆ تەرخانکراوە".
وتهبێژی هاوپهیمانان روونیكردهوه، "لە ساڵی (2020) ھاوپەیمانی و ھێزە ھاوپەیمانەکانمان لە عێراق، نزیکەی (590) ئۆپەراسیۆنی سەربازیمان ئەنجامداوه، (378) چەکداری داعشمان دەستگیر کردووه، لە سووریاش بە گشتی (172) ئۆپەراسیۆنمان ئەنجامداون و (438) کەسمان دەستگیر کردووه".
ئاماژهی كرد، "بۆ ساڵی (2021) پێمانوایە "داعش" ھەڕەشەی جدییە، بەڵام بەردەوامی فشارەکان لە سوریا و عێراق، رێگری لە سەرھەڵدانەوەی داعش دەکات، سەرکردەکانی داعش و سەرچاوە داراییەکانیان لەناوچوون، بەڵام ھێشتا داعش لە کوشتن و رفاندنی خەڵکی و ھێرش بۆسەر ھێزە ئەمنییەکان بە تەکنیکی جیاواز بەردەوامە، ھاوینی ساڵی رابردوو لە چەند شوێنێك جموجۆڵی داعش زیادیکردبوو، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە، داعش ئێستا ئەو توانای نییە، لە عێراق ناوچەیەك بۆخۆی داببرێت، ئەوەی جاروبار باس دەکرێت، کە ھێرشکراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێلی ئەمهریکی، راست نییە، ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو عێراقیە سڤیلانەن، کە ھاوکارییە لۆجستییەکان دەگەیهننە سەربازانی ئەمهریکا لە بنکە سەربازییەکان، لەوهشدا زەرەمەندی یەکەم خەڵکی عێراقە."
د.ی