فەهمی بورهان: گۆڕینی یەکە ئیدارییەکانی خانەقین درێژەپێدەری سیاسەتی تەعریبە
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەگەڵ نوێنەری سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای دیالە و قەزای خانەقین کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی فەرمیی خۆیان بەرامبەر بە گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی ناوچەکە راگەیاند.
پێنجشەممە 26ـی شوباتی 2026، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان رایگەیاند: "ئەو هەوڵانەی بۆ گۆڕینی ناحیەکان بۆ قەزا و دابڕینیان لە خانەقین لە ئارادایە، درێژەپێدەری هەمان ئەو سیاسەتەیە کە پێشتر بۆ تەعریبکردنی ناوچەکە بەکارهاتووە، ئەمە هەنگاوێکی نادەستوورییە و پێچەوانەی بنەماکانی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقە."
فەهمی بورهان جەختی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی خەڵکی خانەقین دەکەن و رێگە نادەن بەم شێوەیە دەستکاریی دیمۆگرافیا و نەخشەی ئیداریی ناوچەکە بکرێت، ڕاشیگەیاند، نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی پەرلەمان و حکوومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی دەکەن بۆ تانەدان لەو بڕیارانە.
لە لایەکی ترەوە، نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی خانەقین ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوانەی ئێستا لە بەغدا و دیالە خەریکی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەن، دەیانەوێت بە بەرگێکی نوێوە سیاسەتی رژێمی پێشوو دژی کورد جێبەجێ بکەن." هەروەها دەڵێن، کە ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی خراپیان دەبێت لەسەر پرۆسەی سەرژمێریی داهاتوو و دەیانەوێت ژمارەی کورد لەو ناوچانە کەم بکەنەوە.
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، داوا لە سەرجەم وەزیران، پەرلەمانتاران و سەرۆک کۆمار کرا کە لە بەغدا وەک یەک دەنگ دژی ئەم ستەمە بوەستنەوە، چونکە مەترسییەکە تەنها لەسەر خانەقین نییە، بەڵکو ئەگەر لە خانەقین سەر بگرێت، رەنگە لە داهاتوودا کەرکوک و شنگال و ناوچەکانی تریش بگرێتەوە.