ئیتالیا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ئێران جێبهێڵن و گەشت نەکەن بۆ عێراق
حکوومەتی ئیتالیا، داوای لە هاووڵاتییانی کرد خاکی ئێران جێبهێڵن و لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وریابن، هەروەها داوای کرد گەشت بۆ عێراق نەکەن.
هەینی 27ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا جەختی لەسەر پێویستی جێهێشتنی ئێران کردەوە و ئامۆژگاری هاووڵاتییانی کرد گەشت بۆ عێراق نەکەن و گەشتەکانیشیان بۆ لوبنان دوابخەن، هەروەها رایگەیاند: "داوا لە هاووڵاتییانمان لە ئیسرائیل دەکەین بە ووریاییەوە لەگەڵ بارودۆخەک ەمامەڵە بکەن و ئاگاداری خۆیان بن".
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا داوای لە هاووڵاتییانی کرد گەشت بۆ ئیسرائیل نەکەن، هەروەها هۆشداری دا بەوانەی لە ئیسرائیل، قودس و کەرتی رۆژئاوان "وریا بن"، هاوکات پۆڵەنداش داوای لە هاووڵاتییانی کرد بەهۆی بارودۆخی شڵەژاوی ناوچەکە، دەستبەجێ ئێران، ئیسرائیل و لوبنان جێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا لە پلاتفۆرمی (ئێکس) بڵاویکردەوە: "بارودۆخی ئەمنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناجێگیرە و مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان زۆرە، ئەگەری هەیە گەشتی ئاسمانی بەڕووی گەشتە مەدەنییەکاندا دابخرێت و گەڕانەوە بە فڕۆکە ئەستەم یان زۆر قورس بێت."
هەر ئەمڕۆ هەینی، ئەمریکا رێگەی بە بەشێک لە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکەی لە ئیسرائیل و خێزانەکانیان دا ئەو وڵاتە جێبهێڵن، هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت فەرمانی بە چەند فەرمانبەرێکی حکوومی کردووە لوبنان جێبهێڵن، ئاماژە بەوەش کراوە کە رەنگە سنووردارکردنی زیاتر بخرێتە سەر هاتووچۆی فەرمانبەرانی ئەمریکا لە ناو ئیسرائیل و کەرتی رۆژئاوا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
باڵیۆزخانەی چین لە تەلئەڤیڤ داوای لە هاووڵاتییانی کرد رێکاری ئەمنی توند بگرنەبەر و بۆ هەر باری لەناکاوێک ئامادەبن.
حکوومەتی بەریتانیاش رایگەیاند، بە شێوەیەکی کاتی فەرمانبەرانی لە ئێران دەکشێنێتەوە و بەشێک لە ستافە دیپلۆماسییەکانی لە تەلئەبیبەوە بۆ شوێنێکی دیکەی ناو ئیسرائیل گواستووەتەوە، ئەمەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەهۆی مەترسیی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر تاران و گرژییەکانی ناوچەکە.
لەلایەکی تریشەوە، وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان داوای لە هاووڵاتییانی کرد بە زووترین کات خاکی ئێران جێبهێڵن.