كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان سەردانی بازاڕی ھەولێریان كرد
ژمارەیەک لە کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان شەوێکی رەمەزانیان لە بازاڕی شاری هەولێر بەسەر برد. دیپلۆماتکاران وێڕای ستایشکردنی دۆخی ئەمنی، سەرسامیی خۆیان بە چالاکیی بازاڕ و ژیانی شەوانەی شارەکە دەربڕی.
لە چوارچێوەی چالاکییە دیپلۆماسی و کولتوورییەکاندا، ژمارەیەک لە کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم، سەردانی بازاڕی هەولێر و دەوروبەری قەڵایان کرد.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی ئەم سەردانەی روون کردەوە و بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان بڕیارمان دا گەشتێک بەناو هەولێردا ئەنجام بدەین. لە کەشێکی ئارامدا، دیپلۆماتکاران خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی و ئەم دۆخە سەقامگیرەیان بەرز نرخاند".
دزەیی ئاماژەی بەوەش دا، کە هیوادارن ئەم سەردانە ببێتە پەیامێک بۆ جیهان کە "هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە و هێزەکانی پێشمەرگە فاکتەری سەرەکیی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەن".
لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند: کە ئەم جۆرە سەردانانە بوونەتە نەریتێکی ساڵانە و لە شەوانی مانگی ڕەمەزاندا ئەنجام دەدرێن.
ناوبراو گوتی: "جێگەی خۆشحاڵییە کە ئارامیی هەولێر و کوردستان سەرنجی میوانەکان رادەکێشێت، بە تایبەتی کاتێک دەبینن خەڵکی کوردستان بە رێزەوە پێشوازییان لێ دەکەن".
سەرسامیی دیپلۆماتکاران بە ژیانی شەوانە و ئابووریی شارەکە
لیو جون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی گەشتەکە، سەرسامیی خۆی بە وزە و چالاکیی بازاڕ نیشان دا و گوتی: "چەندین جار سەردانی بازاڕم کردووە، بەڵام یەکەمجارە لە شەوانی رەمەزاندا دێم؛ بۆ من سوپرایز بوو کە بینیم ژیانی شەوانە لە هەولێر ئەوەندە چالاکە و خەڵکێکی زۆر لەسەر شەقامن".
کونسوڵی چین ئاماژەی بە رەهەندە ئابوورییەکەش دا و رایگەیاند: "خۆشحاڵم کە دەبینم ئابووریی هەرێمەکە لە گەشەکردندایە، لە بازاڕەکاندا زۆرینەی کاڵاکان بەرهەمی چینن و تەنانەت لە شەقامەکانیشدا ئۆتۆمبێلە نوێیە چینییەکان دەبینرێن، ئەمەش نیشانەی گەشەی پەیوەندییە بازرگانییەکانمانە".
کەشوهەوای کۆمەڵایەتی و هەستی ئاسایش
لە لایەکی دیکەوە، ئەدریان ئایسڵستاین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا، ئەزموونەکەی بە "ناوازە" وەسف کرد. ناوبراو بە کوردستان24ـی راگەیاند: "هەموو کاتێک سەردانی بازاڕی هەولێر چێژبەخشە، بە تایبەت خواردنەوەی چای و پیاسەکردن بەناو شارەکەدا". جەختیشی کردەوە: "لە کاتی پیاسەکردن لێرە، هەست بە سەلامەتییەکی تەواو دەکەم".
هەر لە میانەی گەشتەکەدا، بریجیش کۆمار، کونسوڵی گشتیی هیندستان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی، پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و گوتی: "لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا هیوای ئاشتی، خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەخوازم".