ئەمریکا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوت دەدات کە ڤەنزوێلا بۆ پشتیوانی ئێران ناردوویەتی

وەزارەتی دادی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمریکا هەوڵ دەدات دەست بگرێت بەسەر کەشتییەکی نەوت هەڵگری مۆتۆر تانکەر سکیپەر کە نەوتی ڤەنزوێلا دەگوازێتەوە بۆ ئێران، ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتییەکە نزیکەی 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەڵگرتووە و لەلایەن کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ڤەنزوێلا (PDVSA) هەناردە کراوە. 

پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردبوو کۆمپانیای فالێرۆ ئێنێرجی ئەمریکی، لە مانگی ئازاری داهاتوودا تاوەکو 6.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڤەنزوێلا دەکڕێت بۆ پشتگیری کردن لە بەرهەم هێنانی نەوت و پێکهاتەکانی لە پاڵاوگەکانیدا، ئەمەش وای لێ دەکات ببێتە گەورەترین کۆمپانیای بیانی کە نەوتی ئەو وڵاتە ئەندامەی ئۆپێک بپاڵێوێت، ئەمەش لە دوای دەستگیرکردنی نیکۆڵاس مادورۆ سەرۆکی پێشووتری ڤەنزوێلا دێت کە لە لایەن ئەمریکاوە دەستگیر کرا. 

 کۆمپانیای فالێرۆ یەکێک بوو لە یەکەم کۆمپانیا ئەمریکییەکانی پاڵاوتن کە دەستی کردەوە بە هاوردەکردنی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا، دوای ئەوەی واشنتن رێککەوتنێکی دابینکردنی نەوتی بە بڕی 2 ملیار دۆلار لەگەڵ حکوومەتی کاتیی ئەو وڵاتە واژۆ کرد و دەستی کرد بە سوککردنی سزاکان.

ئەگەر فالێرۆ مانگی داهاتوو بتوانێت 10 باری نەوت یان زیاتر بکڕێت، کە یەکسانە بە نزیکەی 210 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، رەنگە پێش کۆمپانیای زەبەلاحی (شیڤرۆن) بکەوێت و ببێتە گەورەترین کۆمپانیای ئەمریکی کە نەوتی خاوی ڤەنزوێلا دەپاڵێوێت.

ئەمەش دەبێتە گەورەترین بڕی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا کە کۆمپانیای فالێرۆ کاری لەسەر بکات لەوەتەی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە کانوونی دووەمی 2019دا سزای خستە سەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە.