چەند وڵاتێک گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە راگرت
هەریەکە لە هێڵەکانی ئاسمانی میسر، سووریا و تورکیا، رایانگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ عێراق و چەند وڵاتێکی تری کەنداو و ئوردن راگرتووە، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا.
شەممە 28ـی شوباتی 2026، کۆمپانیای فڕینی میسری رایگەیاندووە، گەشتەکانی بۆ شارەکانی (کوەیت، دوبەی، دەوحە، بەحرەین، ئەبوزەبی، شارقە، قەسیم، دەمام، هەولێر، بەغدا، عەممان، بەیرووت و مەسقەت) تا کاتێکی نادیار راگیراون، وەزارەتی فڕۆکەوانی شارستانی میسریش ئاماژەی بەوە کردووە، لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنە ناوچەییەکان و لێکەوتەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەن.
لای خۆیەوە هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا گەشتەکانی بۆ 10 وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەشاندەوە، یەحیا ئۆستۆن، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی کۆمپانیاکە رایگەیاند:" گەشتەکانی ئەمڕۆ شەممە بۆ وڵاتانی (قەتەر، کوەیت، بەحرەین، ئیمارات و عومان) هەڵوەشێندراونەتەوە، هاوکات گەشتەکان بۆ وڵاتانی (سووریا، عێراق، ئوردن، لوبنان و ئێران) تاوەکو 2ـی ئاداری 2026 راگیراون، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارە بەهۆی داخرانی ئاسمانی چەند وڵاتێک دراوە لە دوای هێرشە بەرانبەرەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی سووریا، رایگەیاند سەرجەم گەشتە ئاسمانییە بەرنامەبۆ داڕێژراوەکانی "تا کاتێکی نادیار" هەڵوەشاندووەتەوە، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گرژییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران بە بۆردومانکردنی ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی کەنداو.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، لە زاری کۆمپانیاکەوە بڵاویکردەوە: "هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەلەب رادەگەیەنین، ئەوەش تا کاتێکی نادیار."
هەروەها کۆمپانیاکە داوای لە گەشتیاران کردووە کە روو لە فڕۆکەخانەکان نەکەن تا ئەو کاتەی زانیاری نوێ و گۆڕانکارییەکان ڕادەگەیەندرێن.
لای خۆیەوە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاویکردەوە، ئاسمانی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتیان داخستووە، مەیسەم سافی، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتەکە رایگەیاند: "ئاسمانی عێراق داخراوە و ئێستا پرۆسەی چۆڵکردنی ئاسمان لە فڕۆکەکان بەڕێوەدەچێت."
هەروەها دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، داخستنی ئاسمانەکە "کاتی و خۆپارێزییە" و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەبێت، دواتر هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێتەوە.
ئەم بڕیارانە دوای ئەوە دێن کە بەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی "پێشوەختە"ی بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و بەرپرسێکی ئەمریکیش بەشداریی هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی لەو هێرشانەدا پشتڕاستکردەوە، ئەم هێرشانە بوونە هۆی گرژییەکی بێپێشینە لە ناوچەکە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران بە مووشەکبارانکردنی چەند ناوچەیەک وەک مەنامە، کوەیت، قەتەر، ئیمارات و سعوودیە وەڵامی دایەوە، ئەمەش مەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.