گۆڕانكاری لە بەشە خۆراكی مانگانەدا دەكرێت

بڕێكی تایبەت لە بەشە بودجەی عێراق بۆ بەشە خۆراك تەرخانكراوە

بەشە خۆراكی مانگانە
بەشە خۆراكی مانگانە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمساڵ لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2021ی عێراق، گۆڕانکاری لە بەشە خۆراكی مانگانەدا بکرێت، بڕێكی تایبەتیشی بۆ تەرخانكراوە، بەمەش بڕی بەشە خۆراكی مانگانە لە رووی كوالێتی و جۆرەوە دەگۆڕێت.

نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بڕی 795 ملیار دینار تایبەت بۆ بەشە خۆراكی مانگانە تەرخانكراوە، دوو ترلیۆن دیناریش بۆ كڕینی برنج و گەنم و جۆ دانراوە، ئەمەش دڵخۆشكەرە بۆ ئەوەی ھەم لە رووی كوالیتی و ھەمیش لە رووی رێژەوە گۆڕانكاری لە بەشە خۆراكی مانگانەدا بكرێت".

گوتیشی: "ساڵی رابردوو تەنھا سێ تا چوار ماددە لە بەشە خۆراك دابەش كراوە، لە ھەندێك شار شەكر و زەیت، لە ھەندێكی دیكە برنج و زەیت، ھۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگڕێتەوە لە بودجەی 2020 ھیچ بڕە پارەیەك بۆ بەشە خۆراك دیار نەكرا، بەڵكو لەسەر بودجەی 2019 دەدرا، ئەو بڕە پارەیەش كەمبوو، ھەر بەشی ئەو ماددانەی دەكرد".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێمی كوردستان، ئاشكراشی كرد: "وەزارەتی بازرگانی عێراق لە پلانی دایە پێداچوونەوە بە لیستی بەشە خۆراكی ھاووڵاتییان دا بكەنەوە، چونكە لە خەڵكی مرد و وەھمی، یان ئەو خەڵكەی كە كۆچی كردووە و لە عێراق نەماوە، بۆ ئەم مەبەستە بە ھاوكاری وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆی عێراقی وردبینی لە لیستەكان دەكرێت، بۆ ئەوەی پاكی بكەنەوە لە ناوە زیاد و وەھمییەكان".

جەختیشی كردەوە: "ئەگەر لە پەرلەمان پڕۆژە یاسای بودجە وەكخۆی پەسند بكرێت، ماددەكان لە بەشە خۆراكی مانگانە زیاد دەكرێت".

Fly Erbil Advertisment