وەزارەتی بەرگریی ئیمارات: هێزەکانمان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک
گوتەبێژ وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، رایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بەرپەرچی چەندین مووشەکی ئێرانییان داوەتەوە و جەختیشی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئیمارات لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک.
شەممە 28ـی شوباتی 2026، عەبدولناسر ئەلحەمیدی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئیمارات، لە لێدوانێکدا بۆ میدیایەکی عەرەبی گوتی: "دەوڵەتی ئیمارات رووبەڕووی هێرشێکی ئاشکرای مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بووەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانمان بە کارامەیییەکی بەرزەوە مامەڵەیان لەگەڵ هێرشەکە کرد و توانییان بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی ژمارەیەک لەو مووشەکانە بدەنەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیمارات مامەڵەیان لەگەڵ کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکان لە ناوچە نیشتەجێبوونەکانی شاری ئەبوزەبی کردووە، کە بەهۆیەوە زیانی ماددی کەوتووەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
باسی لەوەشکردووە، بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیمارات بەرپەرچی شەپۆلێکی دووەمی مووشەکەکانی ئێرانیان داوەتەوە کە ئاراستەی وڵاتەکە کرابوون، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی لێ بکەوێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئیمارات، دڵنیایی داوە بە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکە کە "دۆخی ئەمنی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام چاودێری پەرەسەندنەکان دەکەن، جەختیشی کردەوە، هێزە چەکدارەکان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت ئارامی ئیمارات تێکبدات.
لە کۆتاییدا، عەبدولناسر ئەلحەمیدی داوای لە هاووڵاتییان کرد کە بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بن لە ژیانی رۆژانەیان و زانیارییەکان تەنها لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و زانیاریی ناڕاست.