عێراقچی و لاڤرۆڤ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران تاوتوێ کرد

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا، وردەکاریی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی خستە روو و رایگەیاند، هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەک و شەهیدبوونی دەیان منداڵ تاوانێکی ئاشکرایە دژی ئاشتیی جیهانی، هاوکات رووسیا پشتیوانیی خۆی بۆ بەستنی دانیشتنی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەربڕی.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوی کردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەنجام دا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، عێراقچی لەو پەیوەندییەدا دواین دۆخی ناوچەکەی بۆ لاڤرۆڤ روون کردووەتەوە و جەختی لەسەر گرنگیی هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووەتەوە، بۆ راگرتنی هێرشەکان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، شارە جیاوازەکانی ئێران کراونەتە ئامانج، لەوانە هێرشێکی مووشەکی کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ قوتابخانەیەکی لە شاری میناب کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە لانی کەم 51 قوتابی گیانیان لەدەستداوە

عێراقچی ئەو هێرشە سەربازییەی بە پێشێلکارییەکی زەقی بنەما سەرەکییەکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و جنایەتێکی ئاشکرا دژی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ناو برد و جەختی لەسەر مافی سروشتیی ئێران کردەوە بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی بە هەموو توانایەکەوە.

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئیدانەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی کرد بۆ سەر ئێران و پشتیوانیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەستنی دەستبەجێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخەکە.