ئیسماعیل بەقایی: ئەمریکا تاوانی جەنگ دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشە هاوبەشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی بە تاوانی جەنگ و کردەوەی تیرۆریستی ناو برد و ئاشکرای کرد، لە بۆردوومانی قوتابخانەیەکدا لە میناب نزیکەی 150 کچە قوتابی گیانیان لەدەست داوە، هاوکات ئەمریکای بە لەباربردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان تۆمەتبار کرد.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026 ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە کردەوەیەکی تاوانبارانە و تیرۆریستی هەژمار دەکرێن.
بەقایی ئاماژەی بە قەبارەی زیانە مرۆییەکان کرد و گوتی: بەهۆی هێرشێک بۆ سەر قوتابخانەیەک لە شاری میناب، نزیکەی 150 قوتابیی منداڵ لە رەگەزی کچ گیانیان لەدەست داوە، کە ئەمەش بەپێی هەموو پێوەرەکان تاوانی جەنگە.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرت و رایگەیاند: لە قۆناغە جیاوازەکاندا ئەمریکا سەلماندوویەتی کە پابەندی بەڵێنەکانی خۆی نییە، ئەمە سێیەم جارە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەنێو دەبات.
ناوبراو روونیشی کردەوە کە ئێران بە چاوکراوەیی و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی رابردوو مامەڵەی کردووە و دەستی بە دانوستان کردبوو تاوەکوو هیچ پاساوێک بۆ هێرش نەهێڵێتەوە، بەڵام ئەمریکا پرسی بەرنامەی ئەتۆمی کردە بیانوویەک بۆ دەستپێکردنی هێرشەکانی.
ئیسماعیل بەقایی جەختی کردەوە کە کێشەی ئەوان لەگەڵ خەڵکی ئەمریکا نییە، بەڵکوو حکوومەتی ئەمریکایە کە سیاسەتێکی دوژمنکارانەی بەرانبەر بە ئێران گرتووەتە بەر.