کاروان ستوونی: بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە عومرەکاران بە رێگەی وشکانی دەگەڕێنرێنەوە
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و داخستنی فڕۆکەخانەکانی مەدینەی منەوەرە، هەولێر و بەغدا، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی عومرەکارانی هەرێمی کوردستانیان لە رێگەی وشکانییەوە دەستپێکردووە.
شەممە 28ـی شوباتی 2026، کاروانی ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان عێراق و سعوودیە، دەستبەجێ هەماهەنگی کراوە بۆ ئەوەی ئەو عومرەکارانەی گەشتەکانیان پەکیکەوتووە، بە پاس بگەڕێنرێنەوە.
راشیگەیاند: "لە ئێستادا کاروانێکی عومرەکاران کە لە 200 کەس پێکهاتوون و لە شاری مەدینە مابوونەوە، بەڕێکەوتوون و بڕیارە پاش چەند کاتژمێرێکی دیکە بگەنە دەروازەی سنووری (عەرعەر) و لەوێوە بەرەو خاکی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە."
کاروانی ستوونی دڵنیایی دایە کەسوکاری عومرەکاران کە سەرجەمیان سەلامەتن و جەختی کردەوە، تاوەکو ئەو کاتەی فڕۆکەخانەکان بە رووی گەشتەکاندا دەکرێنەوە، پڕۆسەی گواستنەوەی عومرەکاران بە رێگەی وشکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هیچ گرفت و ئاستەنگێکیان بۆ دروست نەبێت.